ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دامەزراوەی نەوتی هیندی کە گەورەترین کۆمپانیای پاڵاوتنی هیندستانە، بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی کڕیوە. نرخی نەوتەکە بە نزیکەی 28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کەمتر لەو نرخە فەرمیەی بۆ نەوتی خاوی دوبەی بۆ مانگی داهاتوو دیاریکراوە و فرۆشراوە،
رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی بازرگانییەوە ئاشکرایکرد، کۆمپانیا حکوومییەکەی هیندستان نەوتەکەی لە کۆمپانیای مێرکوریا کڕیوە، ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا هیندییەکە تەندەرێکی بۆ کڕینی نەوتی عێراقی بە مەبەستی رادەستکردن لە نێوان 21 بۆ 31ـی تشرینی یەکەم خستبووە روو.
هەفتەی رابردوو هەردوو جۆری نەوتی خاوی بەسرەی قورس و مامناوەند لەمامەلەکانیان زیانێکی گەورەیان بەرکەوت، ئەم دۆخە دەرەنجامی دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوایین دانیشتنی بازرگانیدا نرخەکەیان زیاتر لە 9 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی نەوت لە مامەڵە سەرەتاییەکاندا زیاتر لە 3%ـی بەرزبووەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکاتە. ئەم دۆخە پاش ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی ئێرانی بۆ راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان بەکاتی رەتکردەوە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی زیاتر لە نێوان هەردوو لا بکرێت.




