فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، سەرجەم ئەرکە ئاسمانییەکانیان بە سەربەخۆیی و دوور لە هێزەکانی هاوپەیمانان جێبەجێ دەکەن، هاوکات دڵنیایی دەدات سەرقاڵی دانوستانن بۆ کڕینی 14 فڕۆکەی جەنگیی جۆری "رافال".
فەریق خالید تەمیمی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ و وردی لەبارەی توانا سەربازییەکانی وڵات، کڕینی فڕۆکەی نوێ و سەربەخۆیی هێزەکانیان خستەڕوو.
سەربەخۆیی هێزی ئاسمانی و رۆڵی کۆمپانیاکان
لەبارەی سەربەخۆیی هێزەکانیانەوە، خالید تەمیمی، رایگەیاند، هەموو ئەو ئەرکانەی هێزی ئاسمانی لە نێو خاکی عێراقدا جێبەجێیان دەکات بە تەواوی سەربەخۆن و هیچ پاڵپشتییەکی راستەوخۆ لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە وەرناگرن.
باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکوو ئێستا هیچ هێزێکی سەر بە هاوپەیمانان هیچ ئەرکێکی لە نێو خاکی عێراق جێبەجێ نەکردووە. روونیشی کردەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاریی تەکنیکی پێشکەش دەکەن. گوتی، "ئەو کۆمپانیایانە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەن و بەرانبەر بە بڕە پارەیەک خزمەتگوزاری دەدەن، ئێمەش هەنگاو دەنێین بۆ دروستکردنی سیستمێکی تەواو لەرێگەی کارگە و کۆگاکانی ناوخۆوە."
توانای ناوخۆیی بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان
سەبارەت بە چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە ئەمریکا سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات و، جەختی کردەوە، پرۆسەی چاککردنەوەی فڕۆکەکانی ئێف 16 بە رێژەی 100% لە لایەن ستاف و ئەندازیارانی عێراقییەوە دەکرێت.
ئاماژەی بەوە دا، ئەو ئەندازیارانەی لە ساڵی 2004ـەوە دەستیان بە کار کردووە، ئێستا گەیشتوونەتە پلەی عەمید و لە دەرەوەی عێراق راهێنانیان پێ کراوە. هەرچەندە هەندێک جار بۆ چاککردنەوەی بزوێنەرەکان پەنا دەبەنە بەر کۆمپانیای (پرات ئاند ویتنی)ـی جیهانی، بەڵام بەشێکی زۆری بزوێنەرەکان لە ناوخۆدا چاک دەکەنەوە.
کڕینی فڕۆکەی "رافال"و پێشخستنی درۆن
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تەمیمی ئاشکرای کرد، دانوستانی پێشکەوتوویان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو. روونیکردەوە، قۆناخی یەکەمی دانوستانەکان بۆ کڕینی 14 فڕۆکەی جۆری رافالی فەرەنسییە، کە فڕۆکەیەکی زۆر پێشکەوتوو و گرانبەهایە بەراورد بە فڕۆکەی ئێف 16.
گوتیشی، "نامانەوێت تەنیا فڕۆکە بهێنین و کۆی بکەینەوە بەبێ بوونی پلانێکی دروست، چونکە راهێنانی فڕۆکەوان بۆ ئەو جۆرە فڕۆکانە رەنگە پێنج ساڵ بخایەنێت."
لەبارەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە (درۆن)، تەمیمی ئەوەی خستەڕوو، هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە فڕۆکانە لە ناوخۆدا و بیرۆکەیەکیش هەیە بۆ دامەزراندنی فەرماندەییەکی تایبەت بەم چەکە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ژێر سەرپەرشتیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیدا کۆکراونەتەوە.
مەترسییەکانی داعش و سووتانی فڕۆکەیەک
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، خالید تەمیمی تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوخۆ و، رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە ئێستادا زۆر سنووردار بوونەتەوە و ئەو پێشێلکارییە بچووکانەشی روو دەدەن، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆنترۆڵ دەکرێن. هەرچەندە هێشتا چەند شانەیەکی نوستووی رێکخراوی داعش لە ناوچە سەختەکاندا ماون.
هەروەها باسی لەێکی ئەمنیی دڵتەزێن کرد لە یەکێک لە بنکەکانی بەغدا و، گوتی، "بەداخەوە مووشەکێک بەر فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری ئەنتۆنۆڤ کەوت و بەهۆیەوە سووتا و لە خزمەت دەرچوو. لەبەر ئەوەی تێچووی چاککردنەوەکەی لە نرخی کڕینەکەی زیاتر بوو، بڕیارمان دا بە تەواوی لە خزمەت دەری بکەین، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بوو و بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە."
دامەزراندنی هێزی ئاسمانیی عێراق
هێزی ئاسمانیی عێراق لە مانگی نیسانی ساڵی 1931 دامەزراوە، بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، تەواوی ژێرخانەکەی لەناو چوو. دواتر بە هاوکاریی ئەمریکا سەرلەنوێ بونیاد نرایەوە و چەندین جۆری فڕۆکەی وەک ئێف 16، تی 50، ئێڵ 159 و فڕۆکەی سێسنای کڕی. ئەم هێزە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش و دەیان هەزار هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتووی ئەنجام دا.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، عێراق بۆ چاککردنەوە و هێشتنەوەی فڕۆکەکانی، بە رێژەیەکی زۆر پشتی بە گرێبەستکارە ئەمریکییەکان دەبەست؛ بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، زۆرجار ئەو کۆمپانیایانە کارمەندەکانیان دەکێشایەوە. ئەم دۆخە وای لە بەغدا کرد پەلە بکات لە پێگەیاندنی ئەندازیار و شارەزایانی ناوخۆیی، تاوەکوو بتوانێت سەربەخۆیی تەکنیکی بەدەست بهێنێت.




