گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا: وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکی پێشوەختە وەک قیستی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان قەدەخەکرا.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەـی راگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی رێکخستنی کەرتی خوێندنی ئەهلی، رێکاری نوێی گرتووەتەبەر. بڕیاری داوە نابێت پێش راگەیاندنی فەرمیی ناوی وەرگیراوان لەلایەن وەزارەتەوە، هیچ بڕە پارەیەک بە ناوی قیست لە قوتابیان وەربگیرێت.
گوتیشی: بە نووسراوی فەرمی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانمان ئاگادارکردووەتەوە نابێت بە هیچ جۆرێک پێش راگەیاندنی فەرمیی ناوی وەرگیراوان قیستی خوێندن لە قوتابیان وەربگیرێت. پێویستە ناوەندە ئەهلییەکان بە تەواوی پابەندی مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن بن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027. ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن کە بە نووسراوی ژمارە 15900 لە 16ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاجەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاراستنی مافی دارایی خوێندکاران و کەسوکاریانە، تاوەکو هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئەهلی پێش مسۆگەرکردنی کورسیی خوێندن و شایستەبوونی قوتابی بەپێی مەرجە یاساییەکان، پارە لە هاونیشتمانیان وەرنەگرێت. وەزارەت هۆشداری داوە، پێویستە تەواوی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەم رێنماییە کارگێڕییە جێبەجێ بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پێشکەشکردن بۆ ناوەندە ئەهلییەکان، بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پێش یەکلاکردنەوەی ناوی وەرگیراوان داوای پێشەکی و قیستی یەکەمیان لە فێرخوازان دەکرد. ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا بە مەبەستی رێکخستنەوەی ئەم دۆخە و دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە وەرگرتندا، رێکارەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 توندتر کردووەتەوە تا پڕۆسەی دارایی و کارگێڕیی خوێندن بە هاوتەریبی یاساکان بەڕێوەبچێت.




