لە هانغچۆی چین دیاردەیەکی نوێ سەری هەڵداوە، تێیدا ئەو بەرهەمانەی بەلای زۆربەی خەڵکەوە بە "ناشیرین"لە قەڵەم دەدرێن، دەبنە خوازراوترین کاڵا بۆ کڕین. گەنجان لە سۆشەڵ میدیادا پەرەیان بەم دیاردەیە داوە و گۆڕاوە بۆ کەرەستەیەکی بازرگانی و کولتووریی دیار.
بازرگانیی ئەلیکترۆنیی تاوباو پێشانگەیەکی بە ناونیشانی "ناشیرینە، بەڵام هی منە"رێکخست و تێیدا زیاتر لە 500 پارچە و بەرهەمی نائاسایی نمایش کران. پێشانگەکە بە مەبەستی رێزگرتن لەو بەرهەمانە دامەزرا کە بە ئەنقەست لە بنەماکانی دیزاینی باو لادەدەن، هاوکات لەسەر رووبەری 1,200 مەتر چوارگۆشە زیاتر لە 30 تابلۆی هونەری لەخۆگرت و بەگوێرەی سی ئێن ئەی، رۆژانە زیاتر لە 5,000 سەردانیکەری هەبووە.
بەرهەمەکان شێوازێکی نامۆیان هەیە؛ لەوانە بەرگی مۆبایل بە شێوەی بنکەی دەستشۆر، جانتا یان ئیکسسوار بە شێوەی قالۆنچە، پەیکەری ماسیی ئەبو شەس بە دیمەنە نامۆکەی، لەگەڵ بەرگی سەرین و کوپ و دیزاینگەلێک کە لە سەرەتادا وەک هەڵەی دیزاین دەردەکەون. ئەم شتانە بە هەڵە دانانرێن، بەڵکو بەرهەمی خاوەن بازاڕێکی بەرفراوانن کە ئامادەن پارەیان بۆ خەرج بکەن.
دیاردەکە پێشتر بوونی هەبووە، چونکە تاوباو لە ساڵی 2020ـەوە پێشبڕکێی ساڵانەی بە ناوی "خەڵاتی ناشیرینەکان"رێکخست. بەپێی ئەو داتایانەی لە میدیا چینییەکان بڵاوکراونەتەوە، فرۆشی ئەم بەرهەمانە لە سەرەتای دەستپێشخەرییەکەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 230 ملیۆن یووان، کە دەکاتە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار.
رێکخەرانی پێشانگەکە پێیان وایە کڕینی ئەو شتانە پەیوەندی بە ناسنامە و دەربڕینی خودەوە هەیە، نەک گەڕان بەدوای جوانیی باو.




