درەنگانی شەوی یەکشەممە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی فەرمانی دادگا سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سلێمانی دەستگیرکردووە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، دوو لەو تۆمەتبارانە یەکشەممە چوونەتە ناو سنووری پارێزگاکە و تۆمەتبارەکەی دیکەش پێشتر لەوێ نیشتەجێ بووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە کاریگەریی هەوڵە هەواڵگرییەکانی دەزگاکە و خێرایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ جموجۆڵی داواکراوان پیشان دەدات، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە جێگیربوون یان رێکخستنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان لە عێراق.
ئاسایشی سلێمانی، بەردەوامن لە راوەدوونانی داواکراوان لە سەرانسەری عێراق. ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتییان گیراوەتەبەر.
دوێنێ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای چاودێری و بەدواداچوونی وردی هەواڵگری لەلایەن هێزێکی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دووەم، هێزەکانیان لەگەڵ سێ چەکداری تیرۆریست لە سنووری شارەدێی پردێ (ئاڵتوون کۆپری) تووشی پێکدادان بوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق روونی کردەوە، دوو لە چەکدارەکان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو کە دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانەوە کوژران، چەکداری سێیەمیش کە کاری گواستنەوەی تیرۆریستەکانی لە ئەستۆ بووە، دوای برینداربوونی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئۆپەراسیۆن و شەڕەکەدا، هاووڵاتییەکی مەدەنی شەهید بووە، هاوکات دوو کارمەندی دەزگای دژەتیرۆری عێراقیش بریندار بوون.
لەلای خۆیەوە، دەزگای دژەتیرۆر عێراق بڵاویکردەوە، دەزگای دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تایبەتیان لە پارێزگای کەرکووک (ئاڵتوون کۆپری) ئەنجامدا، کە تێیدا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سێ تیرۆریستی داعش روویدا و لە ئەنجامدا دووانیان کوژران و یەکێکی دیکەیان دەستگیر کرا.




