بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی لێکەوتەکانی راگرتنی گەشتەکان بۆ ئێران کۆدەبێتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی لێکەوتەکانی راگرتنی گەشتەکان بۆ ئێران کۆدەبێتەوە
سیاسی
عێراق عێرق ئێران راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: بڕیارە سبەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران کۆببنەوە، هاوکات هۆشداری دا لەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانێت لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە، چونکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بەبێ رەزامەندیی واشنتن، بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر عێراقدا.

عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی ئاشکرای کرد، بڕیارە سبەی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و ئێران، بەو پێیەی سەرکردەکانی شیعە نیگەرانن و لە بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رازی نین.

جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت چەند بڕیارێکی گرنگ لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەربچێت، بەڵام زانیارییە فەرمییەکان دەریدەخەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بڕیارەکەی بۆ راگرتنی گەشتەکان پاشگەز نابێتەوە؛ چونکە ئەگەر گەشتەکان بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئەمریکا دەستپێبکەنەوە، راستەوخۆ سزای توندی دارایی و ئابووری لە لایەن واشنتنەوە بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت.

هاوکات ئاشکراشی کرد، حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستی بە دانوستان کردووە بۆ ئەوەی رێگە بە دەستپێکردنەوەی بەشێک لە گەشتەکان بدرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کردەیی بەدەست نەهاتووە.

سەبارەت بە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی بڕیارەکە، ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەرجەعییەتی باڵا دەستوەردان لەم پرسەدا دەکات و نیگەرانیی خۆی لە راگرتنی گەشتەکان دەردەبڕێت، چونکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف فڕۆکەخانەیەکی ئاسایی نییە و زۆرینەی هەرە زۆری گەشتەکانی لە شارەکانی ئێرانەوە بۆ دێت بۆ مەبەستی سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەزائیری ئەوەی بەدوور نەزانی کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی سیاسی لە عەلی زەیدی بکشێننەوە و گوتی: سەرۆکوەزیران بە شێوازێکی تاکلایەنە هەنگاو دەنێت و بۆ بڕیارە ستراتیژییەکان ناگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی؛ بە تایبەت لە دۆسیەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا کە رەشنووسەکەی لە کاتێکی هەڵەدا پەسەند کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، لە کاتێکدا کابینەی حکوومەت بە تەواوەتی پڕنەکراوەتەوە و دۆخی ناوچەکەش لە لێواری تەقینەوەدایە.

هەروەها جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە لە ئەدای سەرۆکوەزیران لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناڕازین بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە بە تەواوەتی پەکخراوە، هاوکات لە دۆسیەی چەکی بێمۆڵەتیشدا زەیدی تا ئێستا نایەوێت لە رێگەی پەرلەمان و بە شێوازێکی یاسایی چارەسەری بکات.

 
زریان تەها قادر ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان