بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئێران دەستبەسەرداگرتنی ژێردەریاییەکی سیخوڕیی ئەمریکی لە گەرووی هورمز راگەیاند

ئێران دەستبەسەرداگرتنی ژێردەریاییەکی سیخوڕیی ئەمریکی لە گەرووی هورمز راگەیاند
سیاسی
ئێران

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرداگرتنی ژێردەریاییەکی بێسەرنشینی سیخوڕیی ئەمریکی لە نێو گەرووی هورمزدا راگەیاند. هاوکات لەگەڵ ئامادەباشیی سەربازی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی دا کە ئەگەر رێگری لە بازرگانیی تاران بکرێت، رێگە بە هیچ دەوڵەتێک نادرێت لە رێڕەوە دەریاییەکانی کەنداو سوودمەند بێت.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، لە رێگەی شەڕی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای هەواڵگری، دەستیان بەسەر ژێردەریاییەکی بێسەرنشینی دروستکراوی ئەمریکا لە جۆری (REMUS-600) لە گەرووی هورمزدا گرتووە.

ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئامێرە ئۆتۆنۆمە سەرقاڵی ئەرکی سیخوڕی بووە لە ناوچەکەدا و ئێستا لەلایەن پسپۆڕانی سەربازییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بۆ دەرهێنانی داتاکانی.

ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازی تارانی بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز رەتکردووەتەوە. محەمەد ئەکرەمی نیا گوتەبێژی سەربازیی ئێران، جەختی کردەوە سوپای وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی نوێی واشنتن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و گوتی: "ململانێکە گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە؛ ئەگەر ئێران نەتوانێت بازرگانی بکات و بژی، کەواتە هیچ کەسێکی دیکەش ناتوانێت بازرگانی بکات و بژی. گەرووی هورمز هێڵی شەرەف و کەرامەتی ئێمەیە و رێگە بە دوژمنان نادەین ئەم رێڕەوە لۆجستییە بەکاربهێنن لە کاتێکدا گەلی ئێران گەمارۆ دەدەن."

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە دیپلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە. عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد نێوەندگیرەکانی قەتەر تا ئێستا بە فەرمی رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێرانیان لەلایەن ئەمریکاوە پێنەگەیاندووە و گوتی: "مەرجەکانمان روونن و هەر هەنگاوێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز گرێدراوی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەیە."

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕیش قبووڵ بکات.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدان رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنەوەی بۆردوومانی چڕی سەر پێگەکانی ئێران دەکات لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم. لە هەمان کاتدا پێکدادانە هەرێمییەکان بەردەوامن؛ لە هێرشێکی ئاسمانیی نوێدا بۆ سەر بازاڕێک لە پارێزگای تەعیز لە باشووری رۆژئاوای یەمەن، حەوت کەس کوژران و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان