لە سیستەمێکەوە کە یارمەتی مرۆڤ دەدات لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و شیکردنەوەی داتاکان، بۆ تەکنەلۆژیایەک کە رەنگە دەرەوەی پێشبینییەکان رەفتار بکات؛ گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد مەترسیی نوێی هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە تێستە ئەمنییەکاندا دەرکەوتووە مۆدێلە پێشکەوتووەکان سنوورەکانی خۆیان تێپەڕاندووە، ئەمەش دەرگای نوێی گفتوگۆی لەسەر چەمکی "ژیریی دەستکردی یاخی"و سنووری کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بۆ سەر ئەم سیستەمانە کردووەتەوە.
تاقیکردنەوەکانی سەر مۆدێلەکانی هەردوو کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای"و "ئەنسرۆپیک"پیشێلکاری ئەمنییان تێدا راستکراوەتەوە، لەوانەش توانای هەندێک لە سیستەمەکان بۆ بڕینی سیستەمەکانی دیکە و دروستکردنی زیان، ئەمەش پرسیاری جدیی لەسەر توانای تێپەڕاندنی رێکارەکان و ئایندەی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریاندا دروستکردووە.
مەترسییەکان روو لە زیادبوونبوون بەهۆی دەرکەوتنی راپۆرت لەسەر رەفتاری سەربەخۆیانەی ژیریی دەستکرد، لەو نێوەندەشدا رای جیاوازی شارەزایان هەیە لەسەر مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە و رێگەچارەکانی بەهێزکردنی چاودێری.
ژیریی دەستکردی یاخی
لە مانگی تەممووزی رابردوودا، هەردوو کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای و ئەنسرۆپیک رایانگەیاندبوو، ئەو مۆدێلانەی تاقیکردنەوەیان بۆ کراوە توانایان هەبووە بچنە ناو سیستەمەکانی دیکە و زیانیان پێبگەیەنن. دوای ئەوەش کۆمپانیاکانی دیکە دەستیان بە بڵاوکردنەوەیی هاوشێوە کرد.
ئەمانە دەستەواژەی "ژیریی دەستکردی یاخی"(Rogue AI)یان هێناوەتەوە ئاراوە، کە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو سیستەمانەی پێچەوانەی ئەوەی بۆیان بەرنامەرێژکراوە رەفتار دەکەن. ئەم سیستەمانە دەتوانن رێکارە ئەخلاقی و ئەمنییەکان پشتگوێ بخەن و کەلێنەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربێنن.
دۆخی ئامادەباشی
پڕۆفیسۆر جان سیباستیان دیسۆرۆلت، لە بەشی بیرکاری و زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کیبێکی کەنەدی، رایگەیاند: "سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد تەنیا ئامراز نین، بەڵکو لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێکاندنی ئامانجەکانی مرۆڤ، دەتوانن ئامانجی تایبەت بە خۆشیان دابنێن."
دیسۆرۆلت ئاماژەی بەوەش کرد، دەرچوونی ژیریی دەستکرد لەژێر کۆنتڕۆڵ دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی گەورە لە تۆڕەکانی دابینکردن و بەستەرەکانی ئینتەرنێت، جێبەجێکردنی زیانی ئابووری، و تەنانەت دروستکردنی ڤایرۆسی نوێ. ناوبراو گەشەی ژیریی دەستکردی بە ئۆتۆمبێلێک چواند کە پەدالی بەنزینەکەی زۆر خێراتر لە پەدالی ستۆپەکەی گەشە دەکات.
مەترسی یاخود یاخیبوون؟
دکتۆر بیتار رادانلیێڤ، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، روونیکردەوە: "مەبەست لە ژیریی دەستکردی یاخی ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بە شێوەیەکی راست بەڕێوەیان ببات یان رایانبگرێت."بەڵام ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی تا ئێستا روویان داوە بەهۆی کەمتەرخەمی لە رێکارە ئەندازیاری و چاودێرییەکان بووە، نەک لەبەر ئەوەی سیستەمەکە بەخۆی یاخی بووبێت.
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر یاشا بارییس، توێژەر لە زانکۆی فری بۆرگی سویسری، پێیوایە: "سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد ناتوانن بە تەنیا لەژێر کۆنتڕۆڵ دەربچن، بەڵکو بارودۆخی دەوروبەریان ئەوە دروست دەکات."
بارییس ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەشەی هەندێک لە کۆمپانیاکان لەسەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد تەنیا فێڵێکی مارکێتینگ و خەڵەتاندنە بۆ راکێشانی سەرنجی راگەیاندنەکان و داپۆشینی دابەزینی ئاستی قازانجەکانیان.




