ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئاکسل ڤێش، باڵیۆزی نوێی نەمسا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و سەقامگیریی عێراق، جەخت لەسەر پهرهپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و گەشتیارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا کرایەوە.
لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و کۆتایهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق و ئالنگارییەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردەوە بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا سوپاسی گەل و حکوومەتی نەمسای کە لە رۆژانی تەنگانەی شۆڕشدا هاوسۆز و یارمەتیدەری گەلی کوردستان بوونە.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی نەمسا و هەرێمی کوردستان کرایەوە لە بواری ئابووری و گەشتوگوزار.





