بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

چوار هێکتار لە دارستانی بەڕووی سەردەشت سووتا

چوار هێکتار لە دارستانی بەڕووی سەردەشت سووتا
گشتی
کوردستان سەردەشت

بەڕێوەبەری دارستانەکان و ژینگەپارێزی سەردەشت رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە رووبەری چوار هێکتار لە داستانی بەڕووی دەڤەری شەڵماشی سنووری شاری سەردەشتی سووتاوە.

بەختیار خزریان بە ئاژانسی ئیرنای گوت: دارستانەکە بەهۆی پووش و پاوانی دەورووبەرەکەوە سووتاوە و هەر ئەمەش وایکردووە زیانێکی زۆرتری هەبێت، بەڵام ژینگەپارێزان بە هاوکاریی دانیشتووانی گوندەکانی دەڤەرەکە توانیویانە رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکە بگرن و کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن.

لەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە، خزریان ئاماژەیدا، چوار هێکتار لە دارستانی بەڕوو لە پێچی زونانی بەرزاییەکانی شەڵماش سووتاوە، گوتیشی: ئەمە 11ـەمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیە ئەمساڵ لە سنووری شاری سەدەشت تۆمار دەکرێت، بە گشتی 74 هێکتار لە دارستانەکان بووەتە خۆڵەمێشی ئاگرکەوتنەوەکان.

بەڕێوەبەری دارستانەکان و ژینگەپارێزی سەردەشت ئاماژەیدا، بەر لە وەرزی هاوین، لە رێگەی کردنەوەی چەند خولێکی مەشق و راهێنانەوە دانیشتووانی گوندەکان زانیاریان پێدراوە بۆ چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە، ئەگەر رووبدات.

خزریان باسی لەوەس کرد، سروشتی سەردەشت بەهۆی دەوڵەمەندی دارستانەکانی چەندین جۆر داری بەردار و پووش و پاوانێکی فراوانەوە، یەکێک لە فراوانترین دەڤەری لەوەڕگەکانی زاگرۆس و بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سروشتەکانی ئێرانیش هەژمار دەکرێت و بەنرخ و شوێنی رووەکیی بەرفراوانی بەڕووی زاگرۆس، بە یەکێک لە ناوچە هەستیار و ستراتیژییەکانی رۆژئاوای وڵات هەژمار دەکرێت و پاراستنی ئەم سەروەتە سروشتییانە پێویستی بە هاوکاریی و بەشداریی خەڵک و دەزگا جێبەجێکارەکان هەیە.

بەگوێرەی ئامارەکان، شاری سەردەشت زۆرترین رووبەری دارستان و لەوەڕگەی سروشتی سنووری پارێزگای ورمێی لەخۆ گرتووە، کە 90 هەزار هێکتاری دارستان و 30 هەزار هێکتاریش لەوەڕگەی گژوگیایە، کە بەشێکی گژوگیاکانی لە دروستکردنی دەرمان بەکاردەهێنرێت، هەروەها زیاتر لە 100 جۆرە داری تێدایە لەوانە، قەزوان، بەڕوو و کرۆسکە کە بەشی زۆرینەی دارستانەکانیان داپۆشیوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان