بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بەبۆنەی یادی رێفراندۆم پێشانگەی 'رەنگ و خاکی نیشتیمان' لە هەولێر کرایەوە

بەبۆنەی یادی رێفراندۆم پێشانگەی 'رەنگ و خاکی نیشتیمان' لە هەولێر کرایەوە
هونەری
کوردستان پێشانگە ریفراندۆم ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێشانگەی "رەنگ و خاکی نیشتیمان"لەلایەن هونەرمەند و پێشمەرگە سەروان عیسا، لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتیی هەولێر کرایەوە.

یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، سەروان عیسا، هونەرمەند و پێشمەرگە بەی راگەیاند، "دوای حەوت ساڵ، پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانم لە شاری هەولێر کردەوە، کە بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە رێکخراوە و تێیدا زیاتر لە 180 بەرهەمی هونەری لە چەندین شێواز و بابەتی جیاوازم نمایش کردووە."

سەروان عیسا سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە گوتی، "لەم پێشانگەیەدا کۆمەڵێک بەرهەمی هونەریم لە ماوەی ساڵانێکدا دروستکراون کە لە نێوانیاندا وێنەی شوێنە مێژووییەکان، دیمەنە سروشتییەکان، مینیاتۆر، ماکێت و تابلۆی سێ رەهەندی بەرجەستە دەبن."

بەبۆنەی یادی رێفراندۆم پێشانگەی 'رەنگ و خاکی نیشتیمان' لە هەولێر کرایەوە

ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم بەرهەمانە تەنیا نمایشێکی هونەری نین، بەڵکو ئەنجامی ساڵانێک ئەزموون، وردبینی و هەوڵە بەردەوامەکانی منن بۆ تۆمارکردنی ژینگە، مێژوو و جوانییەکانی کوردستان بە زمانێکی هونەریی جیاواز."

سەروان عیسا باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە بەشێک لە کارەکانم دا، دیمەنە سروشتییەکان و جوانییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی ورد و نزیک لە راستی لە  نیشان دراون، لە بەشێکی دیکەی بەرهەمەکانمدا، شوێنە مێژووییەکان و نیشانە کولتوورییەکان سەرنجی بینەر رادەکێشن. هەروەها بەکارهێنانی مینیاتۆر و ماکێت، رێگەیەکی جیاواز بۆ پیشاندانی وردەکاریی و دروستکردنی جیهانێکی بچووک لە ناو بەرهەمە هونەرییەکانم دا پێشکەش کردووە."

سەروان عیسا باسی لەوەش کرد، "تابلۆ سێ رەهەندییەکانیش بە بەکارهێنانی رەهەند و وردەکارییە جیاوازەکان، بینەر دەخەنە بەردەم ئەزموونێکی نزیکتر لە شوێن و دیمەنەکان، و دەرفەتێک بۆ بینینی هونەر لە دەرەوەی چوارچێوەی تابلۆی ئاسایی دروست دەکەن."

بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێشانگەی "رەنگ و خاکی نیشتیمان"، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی هەولێر کرایەوە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

​سەروان عیسا، هونەرمەند و پێشمەرگە، لەساڵی 1987 لە پیرمام لەدایکبووە. ئه‌و به‌ به‌کارهێنانى کەرەستە سروشتی و سەرەتاییەکان وەکو بەرد، دار و خۆڵ، ماکێتى شوێنەوارە مێژوویى و دیمەنە سروشتییەکانى کوردستان دروست دەکات، لەوانە قەڵاى خانزاد، منارەى چۆلى، مەدرەسەى قوبەهان، ئاشى ئاوى کفرى و قەڵاى شێروانه. هەروەها لە چەندین پێشانگە و فێستیڤاڵى هونەرى و گەشتوگوزارى بەشدارى کردووه. 

بەبۆنەی یادی رێفراندۆم پێشانگەی 'رەنگ و خاکی نیشتیمان' لە هەولێر کرایەوە
دیمەنی نێو پێشانگەکە

 

 
گەرمیان گلی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان