بەرپرسێکی ئەمریکی راگەیاند، ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور و ناوچەکە، لەپاڵ رێگریکردن لە تیرۆر، لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە جووڵەکانی دژی حووسییەکان.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر بەو هەڕەشانەی حووسییەکان بۆ سەر گەرووی باب مەندەب دروستیان کردووە، بە کای نیوزی گوت: ئیدارەی ترەمپ پابەندبوونی خۆی بە بەرگریکردن لەو بەرژەوەندییانە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی پێشانداوە.
ئەو گوتەبێژە روونیکردەوە، ئەمریکا هەوڵیداوە حووسییەکان لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی دارایی و چەک بێبەش بکات، ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی سزای بەسەر زیاتر لە 200 قەوارەی پەیوەندیدار بە حووسییەکاندا سەپاندووە، کە ئیدارەی ترەمپ بە رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی ناوزەندی کردوون، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ سنووردارکردنی توانای ئەو گرووپە بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانییان.
سەبارەت بە پاڵپشتی بۆ حکوومەتی یەمەن لە بەرامبەر هێرشەکانی حووسییەکان پاش داواکاریی رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە ناوچەییەکانمان لەبارەی یەمەن، هەروەها سەرنجمان خستووەتە سەر بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەرامبەر حووسییەکان و ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی دیکە، کە ئاژاوە لە ناوچەکەدا بڵاو دەکەنەوە.
رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن، سێشەممەی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، تێیدا داوای پاڵپشتیی واشنتنی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان، لەکاتێکدا شەڕ لە یەمەن نوێ بووەتەوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی راگەیاند، ترەمپ بەڵێنی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئەمریکای نەداوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکە پاڵپشتییەکی سیاسییە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی، هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی دۆخی یەمەن و رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان.




