بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئێران لە عێراق نیگەرانە

ئێران لە عێراق نیگەرانە
سیاسی
ئێران حکوومەتی عێراق ئەمریکا عەلی زەیدی عێراق

بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق لە ژێر فشاری سزاکانی ئەمریکا، میدیا و بەرپرسانی باڵای ئێران هێرشێکی توندیان کردە سەر عەلی زەیدی و بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی واشنتن"ـیان ناو برد.

رۆژنامەی "کەیهان"ـی ئێرانی لە راپۆرتێکدا هێرشێکی توندی کردە سەر حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هۆکارەکەشی بۆ بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق گەڕاندەوە کـــــە لە چوارچێوەی سزاکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمریکادا دراوە.

رۆژنامەکە ئەم هەنگاوەی زەیدی بە "خۆشیرینکردن بۆ ترەمپ"ناو بردووە و، نووسیویەتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی لەسەر هەموو شتێک داخستووە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ورد و درشتی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمریکایە. 

رۆژنامەی کەیهان ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ئەم ملدانەی حکوومەتەکەی زەیدی، ئەمریکا هێشتا لە گواستنەوە و پێدانی پارەکانی عێراق خۆی دەپارێزێت.

لە بەشێکی دیکەدا وەک رەخنەیەک لە بەستنەوەی بڕیارەکانی عێراق بە خواستەکانی ئەمریکا لە لایەن زەیدییەوە، نووسیویەتی، "هەر کاتێک بڕیارە ناوخۆییەکان لەژێر سایەی فەرمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بدرێن، متمانەی گشتی زیانی پێدەگات و لە نێوان گەل و دەسەڵاتداراندا کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان."

لە لایەکی دیکەوە عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە توندی هێرشی کردە سەر عەلی زەیدی و بڕیاری راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نەجەفی بە هەوڵی دوژمن بۆ تێکدانی یەکێتیی بەرەکان ناو برد.

ویلایەتی لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق و، نووسیویەتی، "شەرعییەت لە واشنتنەوە نایەت، بەڵکوو لە خاکی نەجەف و خوێنی شەهیدانەوە دێت."هەروەها رەخنەی توندی لە بێدەنگیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان گرت و بێدەنگییەکەیانی بە چوارچێوەیەکی بەتاڵ لەسەر دیواری دەسەڵات ناو برد.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای قورسی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند. ئەمریکا هۆشداریی دایە سەرجەم وڵاتان هیچ خزمەتگوزارییەک وەک سووتەمەنی یان نیشتنەوە بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران نەدەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی بێبەشبوون لە سیستمی دارایی دۆلار دەبنەوە.

عێراق بەهۆی ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەڵدەگیرێن، بەردەوام رووبەڕووی فشاری واشنتن دەبێتەوە بۆ پابەندبوون بە سزاکان دژی تاران. راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و ئێران، گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ هەردوو وڵات، بەتایبەتی بۆ شاری نەجەف کــە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و زیارەتکاری ئێرانی دەکات. 

لەلایەکی دیکەوە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نێوان دوو بەرداشی قورسدایە. لە لایەکەوە دەیەوێت ئابووریی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت و سەروەریی دارایی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات، لە لایەکی دیکەشەوە رووبەڕووی فشاری توندی ئێران و لایەنە سیاسییە نزیکەکانی ناوخۆی عێراق (وەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی) دەبێتەوە دژی هەر جۆرە پابەندبوونێکن بە بڕیارەکانی واشنتن.

 
 
ئیلهام خاکی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان