تەقینەوەیەکی بەهێز باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی لە ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی ناوەڕاستی ئەسینای پایتەختی یۆنان رووخاند، بەهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان هاووڵاتیی ئەمەریکین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی یۆنان،ەکە رۆژی هەینی لە گەڕەکی (پلاکا) لە ناوەڕاستی ئەسینا روویداوە، کە ناوچەیەکی مێژوویی و گەشتیارییە و کەوتووەتە نزیک شوێنەوارەکانی ئاکرۆپۆلیس و پەرستگای زیۆس. زانیارییە سەرەتاییەکان لەسەر زاری سەرۆکی شارەوانی ئەسینا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری زۆرە تەقینەوەکە پەیوەندیی بە تۆڕی غازەوە هەبووبێت.
فاسیلیس فاتراکۆیانیس، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی یۆنان رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن بە هاوکاریی کەرەستەی قورس، سەگی راهێنراو، کامێرا و ئامێری هەستەوەر بەدوای قوربانییاندا گەڕاون و تەرمی هەر شەش کەسەکەیان دۆزیوەتەوە. تەرمەکان پێکاتوون لە هاوسەرێکی بەساڵاچووی دانیشتووی باڵەخانەکە و چوار گەشتیاری ئەمریکی کە لە یەکەیەکی دیکەی باڵەخانەکەی نیشتەجێ بوبوون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی یۆنان ئاشکرای کرد، چوار گەشتیارە ئەمریکییەکە بڕیاربووە کاژێر 3:00ی پاشنێوەڕۆی رۆژی هەینی ناوچەکە بەرەو فڕۆکەخانەی ئەسینا بەجێبهێڵن بۆ گەشتکردن، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەوە نەگەیشتوونەتە فڕۆکەخانە.
لای خۆشیەوە، کیمبەرلی گێلفۆیل، باڵیۆزی ئەمەریکا لە یۆنان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "زۆر دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتی ئەمریکی لە تەقینەوەکەی دوێنێی ناوەڕاستی ئەسینا."
تەقینەوەکە زیانێکی زۆری بە خانوو، دووکان و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری گەیاندووە و داروپەردوو و شووشەی شکاو تا دووری 3 بلۆکی نیشتەجێبوون بڵاوبووەتەوە. هەروەها باڵەخانەکە بە تەواوی رووخاوە و بووەتە تۆپەڵێک لە ئاسنی پێچخواردوو و کۆنکرێت.




