بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عومان: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز

عومان: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز
سیاسی
جیهان عومان گەرووی هورمز ئێران

وەزیری دەرەوەی عومان، هاوسۆزیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سەرجەم ئەو ڕێکارانە دەربڕی کە وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی سەروەریی خۆیان دەیگرنەبەر، هاوکات پێداگریی مەسقەتی لەسەر بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دووپات کردەوە.

 شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە گوتارێکیدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: وڵاتەکەی هاوسۆز و پشتیوانە لەگەڵ سەرجەم ئەو رێکارانەی کە وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی خۆیان پەنای بۆ دەبەن، هاوکات جەختی لەسەر پابەندبوونی نەگۆڕی عومان کردەوە بە بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.

بوسەعیدی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە دیالۆگ و دانوستان باشترین و گونجاوترین رێگەن بۆ چارەکردنی تەنگژە و قەیرانەکان و، تیشکی خستە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە شێوەیەک کە گرەنتیی پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان و سەقامگیریی هەرێمی بکات.

وەزیری دەرەوەی عومان لە درێژەی گوتەکانیدا پەردەی لەسەر بارودۆخی ناوچەکە هەڵدایەوە و گوتی: "ناوچەکەمان لەگەڵ دەستپێکی ئەمساڵدا، شایەتی جەنگێک بوو کە دەکرا رێگریی لێ بکرێت و لێی بەدوور بین؛ بەڵامەکانی دواتر دەریانخست کە چۆن پەرەسەندنی گرژییەکان تەشەنەی سەند بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و ئیفلیجکردنی جووڵەی کەشتیوانی و بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، ئەمەش کاریگەریی قووڵی کردە سەر ئاسایشی وزە، سەقامگیریی نرخەکان و لەقکردنی متمانە بە سیستەمی ئێستای جیهان."

وەزیری دەرەوەی عومان داوای لە سەرجەم لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە هاوکاریی مەسقەت بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەی کە لە دابینکردنی پێداویستییەکانیاندا پشت بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەبەستن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان