بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئیبراهیم عەزیزی: ئەمریکا لە رەتکردنەوەی مەرجەکانمان پەشیمان دەبێتەوە

ئیبراهیم عەزیزی: ئەمریکا لە رەتکردنەوەی مەرجەکانمان پەشیمان دەبێتەوە
سیاسی
ئێران

سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تا ئەو کاتەی واشنتن سەرجەم مەرجەکانی تاران قبووڵ نەکات، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا ناکرێتەوە؛ هاوکات هۆشداریی دا کە ئەمریکا تووشی هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی بووە و باجی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە دەدات.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن و رایگەیاند، لێکدانەوە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتەکەی هەڵەی گەورەی تێدایە.

ئیبراهیم عەزیزی گوتی: "واشنتن جەنگێکی لە دژی ئێران هەڵگیرساندووە کە هیچ دەستکەوتێکی بۆ نەبووە و نەیتوانیوە بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی بگات؛ تەنانەت ئەو بنکە سەربازییانەی کە رۆژگارێک ئەمریکا لە ناوچەکەدا شانازیی پێوە دەکردن، ئێستا لەکارکەوتوون و کەڵکی کردەییان نەماوە."

سەبارەت بە چارەنووسی هێڵی کەشتیوانی لە کەنداو، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران پێداگریی وڵاتەکەی لەسەر مەرجەکانی دووپات کردەوە و رایگەیاند: تا ئەو کاتەی مەرجەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە. ئێمە مەرجەکانمان لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد گەیاندووەتە ئەمریکا، و واشنتن لە داهاتوودا لە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە گەورەیە بە توندی پەشیمان دەبێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، عەزیزی ئاماژەی بە توانای بەرگری و ئەمنیی تاران کرد و جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو خاکی خۆیدا بەرگری دەکات و دۆخی ناوخۆی وڵاتیش بە تەواوی جێگیرە؛ هۆشداریشی دا سوپای ئێران "بانکی ئامانجە سەربازییەکانی خۆی نوێ کردووەتەوە"و دەزگا هەواڵگرییەکانی تاران لە هەموو شوێنێک ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جموجووڵێک.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان