بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عەبدولحەکیم خەسرەو: داتاکانی بودجەی 2027 رادەستی بەغدا کراون و گفتوگۆکان بەردەوامن

عەبدولحەکیم خەسرەو: داتاکانی بودجەی 2027 رادەستی بەغدا کراون و گفتوگۆکان بەردەوامن
سیاسی
کوردستان

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە تەواوی داتاکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەگەڵ بەغدا ئاڵوگۆڕ کراون و گفتوگۆکان بەردەوامن؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە دەبێت دەستوور بنەمای سەرەکیی دانانی بودجە بێت بۆ مسۆگەرکردنی تەواوی ماف و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێم.

شەممە 26ی ئەیلوولی 2026، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ لە بارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ورد و سەرکەوتووانە سەرجەم ژمارە و داتاکانی پێویستیان رادەستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و گفتوگۆکانیش لەسەر ئەم پرسە بەردەوامییان هەیە.

ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک هێڵی گشتی لە دیاریکردنی بودجەدا هەن کە پێویستە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵدا یەکلایی بکرێنەوە، لەوانە خەمڵاندنی نرخی نەوت و دیاریکردنی سەقفی قەبارەی خەرجییە چاوەڕوانکراوەکان بۆ ساڵی 2027.

عەبدولحەکیم خەسرەو روونی کردەوە، داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێداویستیی دامەزراوە فەرمییەکانە و گوتی: "چەندین ساڵە لە هەرێم پرۆسەی دامەزراندن راگیراوە و لە بەرامبەردا خانەنشینبوون بەردەوام بووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە کادیر دروستکردووە. هەروەک چۆن لە حکوومەتی فیدراڵدا پلانی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەیە، پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی بودجەدا رەچاو بکرێت و دادپەروەری پەیڕەو بکرێت."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون جەختی کردەوە، شاندەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی عێراق، تیشکی تەواویان خستووەتە سەر دابینکردنی مافە بنەڕەتییەکان، لە پێشەنگیاندا: مسۆگەرکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ دابینکردنی شایستە و ئیمتیازاتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و مافەکانی زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

دووپاتی کردەوە، پێویستە دەستووری هەمیشەییی عێراق وەک مەرجەع و بنەمای سەرەکیی دانانی بودجەی فیدراڵ بمێنێتەوە، تاوەکو هیچ مافێکی دەستووریی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان