بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سەفین دزەیی: هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە بەهۆی راگرتنی گەشتەکان لە ئێران ماونەتەوە

سەفین دزەیی: هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە بەهۆی راگرتنی گەشتەکان لە ئێران ماونەتەوە
سیاسی
کوردستان

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە لایەن تارانەوە، هاتوچۆ لە سەرجەم دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تەواوی ئاساییە؛ هاوکات دڵنیایی دەدات لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە تاران، هەموو هاوکاری و کارئاسانییەک پێشکەش بەو هاووڵاتییانە دەکەن کە لە ئێراندا گیریانخواردووە.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، سەفین دزەیی، پرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رایگەیاند، "هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە هیچ کێشەیەکی نییە و ئاساییە، هاووڵاتییان دەتوانن لە هەردوو ئاراستەکەوە گەشت بکەن. بەڵام تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە بڕیاری لایەنی ئێرانی، هێڵی ئاسمانی و گەشتی فڕۆکەوانی لە نێوان هەردوولادا راگیراوە."

سەبارەت بە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی وەستانی گەشتە فڕۆکەوانییەکان لە ئێران ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، سەفین دزەیی جەختی لەوە کردەوە، حکوومەت بەپێی توانا لە خەمی هاووڵاتییانی خۆیدایە و رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکیەتی هاوکاریی هاووڵاتییانی خۆی بکات لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن. ئێمە نوێنەرایەتیی فەرمیمان لە تاران هەیە؛ هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە نوێنەرایەتیمان لە تاران یان راستەوخۆ بە فەرمانگەکەمان لە هەولێرەوە بکەن، و دڵنیایی دەدەین ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ یارمەتیدانیان درێغی ناکەین."

ئەم لێدوانەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئێر"لە لێدوانێکدا بۆ ئاشکرای کردبوو زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 300 کەسیان خەڵکی هەرێمن لە تاران گیریانخواردووە و بەشێکی زۆریان نەخۆشن و بەهۆی باری تەندروستییانەوە ناتوانن بە ئۆتۆمبێل و لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان