بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا و چین لەسەر کەمکردنەوەی 30 ملیار دۆلار لە باج رێککەوتن

ئەمریکا و چین لەسەر کەمکردنەوەی 30 ملیار دۆلار لە باج رێککەوتن
ئابووری
جیهان

لە کۆتایی دیدارە سێ رۆژەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە واشنتن، هەردوو زلهێزەکە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کەمکردنەوەی 30 ملیار دۆلار لە باجی گومرگیی دوولایەنە و دەستپێکردنی گفتوگۆی هاوبەش لەسەر ژیریی دەستکرد. هاوکات بەیژینگ و واشنتن هەڵوێستێکی هاوبەشیان دژ بە داخستنی گەرووی هورمز و چەکی ئەتۆمیی ئێران نیشان دا.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی چین، ترەمپ و شی جینپینگ رێککەوتن لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی بنیاتنەر بۆ سەقامگیریی ستراتیژی. بەشێکی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە بریتییە لە کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کۆمەڵێک کاڵای ناهەستیار، کە بەهۆیەوە چین باج لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵی، دەریایی، دار، ئامێرە پزیشکییەکان و ماددە جوانکارییەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە، لە بەرامبەردا واشنتن باجی سەر یاریی منداڵان و ئامێرە کارەباییە بچووکەکانی چین کەمدەکاتەوە تا باری گرانی هەڵاوسان لەسەر کڕیارانی ئەمریکی سووک بکات.

هەر لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنەدا، بەیژینگ بەڵێنی داوە لە ساڵانی 2027 و 2028دا ساڵانە 10 ملیۆن تۆن خەڵوزی بەردینی ئەمریکا هاوردە بکات. هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، ئاگربەستی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات تا ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو درێژکراوەتەوە.

هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر کردنەوەی کەناڵێکی فەرمیی پەیوەندی بۆ دانوستان لەبارەی چاودێریکردن و دانانی بەربەست بۆ مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI)، کە بڕیارە گەڕی داهاتووی لە مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەبچێت. هەروەها کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە سەرۆکی هەردوو وڵات ئەمساڵ دوو دیداری دیکەیان دەبێت؛ یەکەمیان لە لووتکەی ئاپیک لە شاری شێنزێنی چین لە مانگی تشرینی دووەم، و دووەمیان لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی بیست لە شاری مەیامیی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمدا.

سەرەڕای ململانێکانیان، واشنتن و بەیژینگ لەسەر دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی هاوبەشیان دۆزییەوە؛ هەردوولا جەختیان کردەوە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، هاوکات رایانگەیاند نابێت هیچ وڵاتێک باج و سەرانە بەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ کارەکانی ئێران لە گەرووی هورمز.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەردوولا پێشوازییان لە هاوکارییە ئەمنییەکان کرد بۆ سنووردارکردنی ئەو ماددە کیمیاییانەی لە چینەوە دەنێردرێن و لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەری کوشندەی فێنتانیلدا لە ئەمریکا بەکاردێن.

سەرەڕای کەشوهەوای ئەرێنیی لووتکەکە و میوانداریکردنی سەرۆکی چین لە ئاهەنگێکی گەورەی کۆشکی سپیدا، ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی وەک پرسی تایوان، کێبڕکێی سەربازی و کێشەی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان لە لایەن چینەوە وەک گرێکوێرەی چارەسەرنەکراو لە ژێر پەردەی دیپلۆماسیدا مانەوە.

لە هەمان کاتدا وەک نیشانەی نیازباشی و "دیپلۆماسیی پاندا"، شی جینپینگ رایگەیاند، بەمزووانە وڵاتەکەی دوو ورچی پاندای گەورە وەک دیاری دەنێرێتە باخچەی ئاژەڵانی شاری ئەتڵانتا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان