بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عێراق..تا ئێستا 3 گرووپ چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووەتەوە

عێراق..تا ئێستا 3 گرووپ چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووەتەوە
سیاسی
عێراق گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان رادەستکردنی چەک عێراق

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ژمارەیەک بڕیار و پێشهاتی چارەنووسسازی لە دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵات ئاشکرایکرد، لە سەروویانەوە کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەرکی هێزە بیانییەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، چۆڵکردنی بنکەی بەعشیقە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە و داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان.

فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "حەدەس"راگەیاند: لە کۆتایی ئەم مانگەدا بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی فەرمی دادەخرێت و لە دوای ئەو وادەیەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی و هێزێکی شەڕکەری بیانی لە خاکی عێراقدا بوونی نامێنێت، هاوکات هێزەکانی ئەمریکاش بە تەواوەتی دەکشێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا"ئێستا بە تەواوی لە بوونی سەربازانی ئەمریکی چۆڵکراوە.

سەبارەت بە ئامادەیی و توانای هێزە نیشتمانییەکان، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپای عێراق، بۆشایی کشانەوەی هاوپەیمانان پڕ دەکەنەوە و هیچ مەترسی و نیگەرانییەک لەسەر ئاسایشی وڵات لە ئارادا نییە.

کشانەوەی تورکیا لە بەعشیقە و شنگال

لە تەوەرێکی دیکەدا، عەبدولئەمیر شەمەری تیشکی خستە سەر پرسی بوونی سەربازیی تورکیا لە عێراق و ئاشکرایکرد، ئێستا لە ئیستەنبووڵ دانوستان بەردەوامە بۆ چۆڵکردنی پێگەی بەعشیقە، بەپێی رێککەوتنەکەش لە ماوەی دوو مانگدا سوپای تورکیا بنکەکە چۆڵ دەکات. لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی تەواوی چیای شنگال دەگرنە دەست.

رادەستکردنی چەکی گرووپەکان و هەڵوەشاندنەوەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت

دەربارەی چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان، ئەو بەرپرسە باڵایەی فەرماندەیی گشتی ئاشکرایکرد، سێ لە گرووپەکان بە فەرمی چەکەکانی خۆیان لە درۆن و مووشەک رادەستی حکوومەت کردووە. هاوکات گفتوگۆی چڕ لەنێوان گرووپەکانی دیکە و سەرکردە سیاسییەکاندا لە ئارادایە بۆ رێکخستنیان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا. شەمەری هۆشداریشی دا، لە دوای کۆتایی ئەم مانگەوە، هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێتەوە.

ئاسایشی سنوور و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردەوە، بەغدا رەتیدەکاتەوە خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. راشیگەیاند هەماهەنگیی ئەمنیی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لەنێوان عێراق، ئوردن و کوەیت، لە بەرزترین ئاستدایە. لە لایەکی ترەوە رایگەیاند،، حکوومەت لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ دروستکردنی بنکەی پاسەوانیی سنوور لەگەڵ تورکیا، سنوورە شاخاوی و سەختەکانی نێوان عێراق و ئێرانیش پێویستیان بە کار و هەوڵی چڕ هەیە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیان.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان