وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا لە شاری نیویۆرک کۆبوونەوە و گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا.
شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە نیویۆرک، لە پەراوێزی کارەکانی خولی 81ـەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا بە شێوەیەکی چڕوپڕ تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەیان کردووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و ئابووریدا و، گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق و ڕووسیا لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر کارەکانی ئەو کۆمپانیا رووسیانەی لە عێراق کار دەکەن، بە تایبەتی لە کەرتی ستراتیژیی نەوت و وزەدا، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ میکانیزمەکانی چارەکردن و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە کراوە کە ڕووبەڕووی کارەکانیان دەبنەوە.
لە سەر ئاستی پەیوەندییە کەلتووری و زانستییەکانیش، هەردوو وەزیر باسیان لە بەهێزکردنی هاریکارییەکان لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی وەزارەتی رۆشنبیری کردووە، سەرباری گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاریی نێوان مۆزەخانەکانی هەردوو وڵات.
بە پێی راگەیەنەراوەکە، هەردوو وڵات جەختیان لەسەر پێویستی و گرنگیی فراوانکردنی هاریکارییە زانستیی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانی عێراق و رووسیا کردەوە، لە پێناو ئاڵوگۆڕی زانستی و پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا.




