بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزمان لە دەستە

ترەمپ: کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزمان لە دەستە
سیاسی
جیهان

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند تاران بەهۆی گوشاری توندی ئابوورییەوە داوای ێککەوتنی کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام پێشنیازەکەی رەت کردووەتەوە؛ ترەمپ جەخت دەکاتەوە واشنتن کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی لە دەستدایە و گەمارۆی سەربازیی بەهێزی بەسەر ئێراندا سەپاندووە

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش سواربوونی لە هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی (مارین وەن) لە حەوشەی باشووری کۆشکی سپی،  سەبارەت بە ئەگەری لێدانی سەربازی لە ئێران و چارەنووسی گەرووی هورمز، رایگەیاند، تاران داوای رێککەوتنی کردووە بەڵام ئەو رەتی کردووەتەوە و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت دەستبەجێ رێککەوتن بکەین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، دەزانن بۆچی؟ چونکە ئابوورییەکی زۆر توندیان لەسەرە، تەواوی داهاتی ئەوان لە گەرووی هورمزەوە بوو. ئەوان پێیان وابوو زۆر زیرەکن و بە داخستنی گەرووەکە کێشە بۆ جیهان دروست دەکەن، بەڵام کاتێک من هاتم، گەورەترین گەمارۆم لە مێژووی سەربازیدا دروست کرد کە وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە. پێم وتن ئێوە داتانخست، ئێمەش بەسەر ئێوەدا دایدەخەین، بەڵام هەموو لایەنەکانی دیکە دەتوانن هاتوچۆی پێدا بکەن.

ترەمپ بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە سەرکەوتنی ئێران دەکەن و رایگەیاند: "ئێمە بە شێوەیەکی بێوێنە لە پێشەوەین و تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان لە دەستدایە. بڕێکی زەبەلاحی نەوت لە گەرووەکەوە دەڕواتە دەرەوە و تەنیا شەوی رابردوو 29 کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕین. ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، منیش حەزم لە رێککەوتنە، بەڵام ئەو پێشنیازەی ئەوان خستیانەڕوو بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گوتی: "پەیوەندیمان زۆر باشە و کارەکان بەرەو پێش دەچن. لە گفتوگۆکانماندا کاتێکی زۆرمان لەسەر پرسی تایوان بەسەر نەبرد، چونکە سەرۆک شی زۆر بە باشی لە هەڵوێست و بۆچوونی من تێدەگات."

ترەمپ سەر پرسی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و رایگەیاند: "دەزانن من دەمەوێت ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چی بکات؟ دەمەوێت رێککەوتنێک بکات. دەمەوێت ئەو لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بگاتە چارەسەر و کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، هەروەها دەمەوێت پووتینیش لەگەڵ ئەودا بگاتە چارەسەر."

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە بەردەم کۆشکی سپی، رۆژنامەنووسێک پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبەر بە هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا.

ترەمپ لە وەڵامدا کورتەی هەڵوێستی خۆی خستەڕوو و ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی:"ئەو پیاوێکی باشە و ئێمە لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەین؛ پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵیدا هەیە و لەسەر زۆر بابەت لە گفتوگۆ و هەماهەنگیداین."

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان