فیلمی "دەریای هیوا"، لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی فیلمی هێرشی پێنج دۆلار، کە لە شاری کینگستەن لە ئۆنتاریۆی کەنەدا بەڕێوەدەچێت، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
شەممە، 26ی ئەیلوولی 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمەکە بەی راگەیاند، "فێستیڤاڵەکە بەتایبەتی بۆ ئەو فیلمسازانە دروست کراوە کە بە بودجەیەکی زۆر کەم و بە بەکارهێنانی ئامرازە سادەکان فیلم بەرهەم دەهێنن و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی داهێنەرانە چیرۆک و بیرۆکەکانیان بگەیەنن. بەم شێوەیە، فێستیڤاڵەکە جەخت لەسەر توانای داهێنان و خەیاڵی فیلمساز دەکاتەوە، نەک لەسەر کەم و زۆری بودجەی بەرهەمەکە."
جوبرائیل ئەبوبەکر سەبارەت بە یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکە گوتی، "لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە ساڵی 2026دا، 72 فیلمی کورت لە 16 وڵات هەڵبژێردراون و لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێن کە بریتین لە ئەنیمەیشن، ترسناک، تاقیکردنەوەیی و سینەمای خراپ و نامۆ، پیشان دەدرێن."
ئەو دەرهێنەرە جەختی لەوەش کردەوە، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە خۆی وەک پەناگەیەک بۆ فیلمە نامۆ، جیاواز و کەم خەرجەکان دەبینێت؛ بەرهەمێک کە لە فێستیڤاڵە سینەمایییە باوەکاندا لەوانەیە شوێنی زۆری نەبێت، لێرەدا دەتوانێت لەبەردەم بینەرانی سینەما پیشان بدرێت."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی فیلمەکەی بۆ بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە، جوبرائیل ئەبوبەکر دەڵێت، "خۆشبەختانە فیلمی "دەریای هیوا"، لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردراوە و لەگەڵ بەرهەمەکانی فیلمسازانی چەندین وڵاتی جیاوازدا پیشان دەدرێت و ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ فیلمەکەم تا لە بەرنامەیەکی سینەمایی سەربەخۆی نێودەوڵەتیدا ناسێنراو بێت و بەرهەمەکەم لەگەڵ فیلمسازانی وڵاتانی جیاوازدا بخرێتە بەر دیدی بینەران."
جوبرائیل ئەبوبەکر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمی "دەریای هیوا"کورتە فیلمێکە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگە مەترسیدارەکاندا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."
جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەیە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی کردووە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.
فێستیڤاڵی فیلمی هێرشی پێنج دۆلار، بەبەشداری فیلمێکی کوردی، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 26ی ئەیلوولی 2026، لە شاری کینگستەن لە ئۆنتاریۆی کەنەدا بەڕێوەدەچێت و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.




