روانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری، راپۆرتی ئاماری ساڵانەی وەزارەتی کارەبای عێراقی بۆ ساڵی 2025ـی شیکردەوە. بەگوێرەی شیکارییەکە، سیستەمی نیشتمانیی کارەبا هێشتا 41% پشت بە کڕینی وزە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری، ئاشکرای دەکات، بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی بەهۆی قەیرانی وشکەساڵییەوە بۆ نیوە دابەزیوە.
روانگەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە عێراق لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 170 ملیۆن و 123 هەزار و 456 مێگاوات/کاتژمێر.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وێستگە حکوومییەکانی سەر بە وەزارەتی کارەبا، کە وێستگەکانی غاز، هەڵم، کارەبای ئاوی و دیزڵ دەگرێتەوە، 59%ـی کۆی وزەی نیشتمانییان بەرهەمهێناوە. ئەو 41%ـەی دیکەش لە رێگەی کڕینی وزە لەو کۆمپانیا وەبەرهێنانانەی لە ناوخۆی وڵات کار دەکەن و هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابین کراوە.
ئیکۆ عێراق ئاشکرایکرد، راپۆرتەکەی وەزارەت دەریدەخات بەرهەمهێنانی وێستگە ئاوییەکان بە رێژەی 50.8% دابەزیوە، بەجۆرێک لە نزیکەی 3.48 ملیۆن مێگاوات/کاتژمێر لە ساڵی 2024 بۆ نزیکەی 1.71 ملیۆن مێگاوات/کاتژمێر لە ساڵی 2025 کەم بووەتەوە.
روانگەکە هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ قەیرانی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداو و لقەکانی رووبارەکان گەڕاندەوە. راپۆرتەکە ئاماژەی بە بوونی چەند ئاستەنگێکی تەکنیکیی دیکەش کردووە.




