ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، شاندێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
شاندەکەی وەزارەتی شەهیدان لەگەڵ بەرپرسانی فیدراڵی، پرسی هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی، شاندەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری شەهیدان و بە یاوەریی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی پێکهاتووە. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری دەستەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق کۆببێتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە سێ تەوەری سەرەکی دەگرێتەوە، کە بریتین لە:
یەکەم: هێنانەوەی رووفاتی قوربانییانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
دووەم: هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان.
سێیەم: هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی.
هەر ئەمڕۆ شەممە، کاروانێکی دیکەی روفاتی قوربانییانی ئەنفال،بەرەو ئامێزی نیشتمان دەگەڕێندرێنەوە کە لە رووفاتی 153 ئەنفالکراو پێکهاتووە، هەروەها دامەزراوەی شەهیدان و پزیشکی دادی ئامادەکاری بۆ رادەستکردنی روفاتەکان بە هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرجەمی ئەو 153 روفاتە لە ژن و منداڵ پێکهاتوون کە قوربانیی پڕۆسەکانی ئەنفالن و لەلایەن رژێمی بەعسەوە شەهید کراون.




