هەردوو حکوومەتی عێراق و کوەیت پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەشیان راگەیاند، کە ئەرکی سەرەکییان پێداچوونەوە و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ داخستنی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەیەکدا کە لە 30 ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
بە پێی راگەیەنراوێکی فەرمیی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026) بڵاو کراوەتەوە، عێراق و کوەیت گەیشتنە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی پێداچوونەوە و یەکلاکردنەوەی سەرجەم ئەو دۆسیانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەیەکدا کە دەبێت لە ماوەی مانگێکدا جێبەجێ بکرێت.
لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو کۆبوونەوە باڵایە بووە کە لە نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەباح خالید جێنشینی میری کوەیت، لە پەراوێزی کارەکانی خولی 81ـەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک بەڕێوەچوو.
لە راگەیەنەراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم ڕێککەوتنە لە سۆنگەی پەرۆشیی هەردوو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و یەکلاکردنەوەی پرسە کێشەلەسەرەکان بە گیانی برایەتی، پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.
لەسەر بنەمای دانوستانەکان، هەردوو سەرکردایەتییەکە لەسەر ئەم دوو خاڵە ستراتیژییە رێککەوتوون:
-پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەشی (عێراقی - کوەیتی) بۆ پێداچوونەوەی وردی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەکردنیان. تیمەکە بەرپرسیار دەبێت لە پێشکەشکردنی ٤اسپاردەی کۆتایی بە سەرکردایەتیی هەردوو وڵات، لە ماوەیەکدا کە نابێت لە (30 ڕۆژ) تێپەڕ بکات.
-تیمە هاوبەشەکە کۆبوونەوەکانی خۆی بە شێوەیەکی خولی (بە نۆرە) و بەردەوام لە بەغدا و کوەیت ئەنجام دەدات، تا ئەو کاتەی کارەکانی بە تەواوی کۆتایی پێدێت.
هەردوو وڵات، وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکە هاتووە، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ کارەکانی ئەم تیمە دووپات کردەوە و پەرۆشیی خۆیان بۆ سەرخستنی ئەرکەکەیان دەربڕی، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، داخستنی یەکجاریی ئەو دۆسیانەیە کە بوونەتە ئاستەنگ، لەپێناو کردنەوەی دەرگای قۆناخێکی نوێ لە هاوکاری و هاوبەشی ستراتیژی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق و کوەیت بکات.




