بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بایرام بۆزیەل: ریفراندۆم بۆ سەدان ساڵ رێ پیشاندەرمان دەبێت

بایرام بۆزیەل: ریفراندۆم بۆ سەدان ساڵ رێ پیشاندەرمان دەبێت
سیاسی
کوردستان

سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستاندا رایگەیاند, بڕیاری 25ـی ئەیلوول هەنگاوێکی پیرۆز و بێوێنە بوو لە مێژووی نەتەوەکەماندا؛ هاوکات جەختیشی کردەوە سەربەخۆیی وەک شیری دایک مافێکی رەوا و شەرعیی گەلی کوردە و هەرچەندە پاشەکشە سیاسییەکان کاتی بوون، بەڵام ئیرادەی ریفراندۆم بۆ سەدان ساڵ وەک چرایەکی رووناک بۆ دەوڵەتبوون دەمێنێتەوە.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بەی گوتی: "ریفراندۆم قۆناخێکی زۆر شکۆدار بوو؛ بۆ یەکەمجار بوو لە بەشێکی کوردستاندا میللەتەکەمان بە شێوازێکی مەدەنی، ئاشتییانە و یاسایی بە چاودێریی نێودەوڵەتی بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و بە کۆدەنگی داوای سەربەخۆیی بکات."

بۆزیەل ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلی کورد کرد و رایگەیاند: "سەد ساڵە دەوڵەتانی داگیرکەر سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد پەیڕەو دەکەن. لە بەرامبەر ئەمەدا، سەربەخۆیی مافێکی بنەڕەتییە و وەک شیری دایک بۆ نەتەوەکەمان حەڵاڵە تا بە کەرامەت، سەرپشک و ئازادی لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆی بژی."

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و سەربازیی ئەو قۆناخە، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان باسی لەوە کرد کە لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا عێراق لە رووی واقیعییەوە دەوڵەت نەمابوو؛ پێشمەرگە سنووری بۆ دانا، هەربۆیە بڕیاری ریفراندۆم هەنگاوێکی دروست و لەجێی خۆی بوو.

گوتیشی: "ئەو پاشەکشەیەی لە دوای ریفراندۆم هاتە پێشەوە، تێکچوونێکی کاتی بوو، بەڵام ئەو ئیرادەیەی کە گەل لە 25ی ئەیلوولدا نیشانی دا، ئیرادەیەکی هەمیشەییە و دەتوانێت بۆ سەدان ساڵ ئاسۆی دەوڵەتبوونی کورد بە زیندوویی بهێڵێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەیە سەرکردایەتیی سیاسیی ئەو کاتە، بەتایبەت سەرۆک بارزانی، خاوەنی پێگەیەکی زۆر بەرز و پڕ لە ڕێزن لە دڵی خەڵکی هەموو کوردستاندا."

بایرام بۆزیەل یادەوەریی بەشداریی جەماوەریی باکووری کوردستانی لە رۆژانی پێش ریفراندۆم وەبیرهێنایەوە و گوتی: "چەند رۆژ پێش دەنگدانەکە، هەزاران کەس لە باکووری کوردستان و لە دیاربەکرەوە بە جۆش و خرۆشەوە گەیشتنە هەولێر و سلێمانی تا لەو فێستیڤاڵ و جەژنە نەتەوەییەدا بەشدار بن و یەکدەنگیی کورد بە جیهان پیشان بدەن."

رەخنەی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گرت کە زۆرجار بەرژەوەندیی مادی دەخەنە پێش پرەنسیپە ئەخلاقی و مرۆییەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە لە رەوایی دۆزی سەربەخۆیی کەم ناکاتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم مافە لە گەلی کورد بسەنێتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان