بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سکرتێری گشتیی ناتۆ: پووتین تەنیا گوێ لە ئەمریکا دەگرێت

سکرتێری گشتیی ناتۆ: پووتین تەنیا گوێ لە ئەمریکا دەگرێت
سیاسی
جیهان

سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە لێدوانێکدا ئاماژەی دا، سوپای رووسیا مانگانە زیاتر لە 43 هەزار سەربازی لە شەڕی ئۆکراینادا دەکوژرێن یان بریندار دەبن. هاوکات هۆشداریی دا لە نەبوونی پاڵاوگەی پێویستی سووتەمەنی لە ئەوروپا لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ مۆسکۆ و جەختیشی کردەوە کە کلیلی دیپلۆماسی لەگەڵ پووتین تەنیا لە دەستی واشنتندایە.

هەینی 25ی ئەیلوولی 2026، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلوومبێرگ، سەبارەت بە ئاسۆی ئاگربەست لە ئۆکراینا رایگەیاند، هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ راگرتنی جەنگ نابینرێت، چونکە، پێویستە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ئەم مەبەستە نەرمی بنوێنێت بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە؛ گوتیشی: "ئەمە کەمێک نامۆیە، چونکە پووتین ئێستا مانگانە زیاتر لە 43 هەزار لە سەربازەکانی بە کوژراوی یان بە برینداریی سەخت لەدەست دەدات."

مارک رووتە سەرنج خستە سەر خاڵێکی لاوازی سەربازی لە کیشوەری ئەوروپا کە پەیوەستە بە کەرتی وەرگەڕخستن و پاڵاوتنی سووتەمەنی و رایگەیاند: "لە ئەوروپا هیچ پاڵاوگەیەکی نوێ دروست ناکرێت و ئەوانەی هەن دادەخرێن. ئەگەر جەنگ لەگەڵ رووسیا بەرپابێت، ئێمە پێویستیمان بە بڕێکی زەبەلاح لە دیزڵ و بەرهەمە نەوتییەکان دەبێت بۆ فڕۆکە پێشکەوتووەکانی وەک F-35، فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەکانمان، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت."

رووتە روونیکردەوە کە هەر گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ مۆسکۆ پێویستە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی بکرێت و جەختی کردەوە: "گەلی ئەمریکا و سەرۆکی ئەو وڵاتە لایەنی سەرەکین و ئەوانەن کە پووتین بەڕاستی گوێیان لێ دەگرێت."

مارک رووتە رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوا گرت لە دوای رووخانی دیواری بەرلین و رایگەیاند، ئەورووپا بە خەیاڵی ئەوەی ئیتر هەرگیز شەڕ سەرهەڵناداتەوە خەرجییە بەرگرییەکانی زۆر کەمکردەوە. بەڵام دواتر لەگەڵ هاتنەسەرکاری پووتین و توندبوونی هەڵوێستەکانی، رووسیا بووە هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەر ناتۆ، بۆیە دەبێت هاوپەیمانان بە خێرایی تواناکانیان بەهێز بکەن و خەرجییە سەربازییەکانیان بەرز بکەنەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان