بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

قەتەر: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچووە و پێشکەوتن بەدیهاتووە

قەتەر: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچووە و پێشکەوتن بەدیهاتووە
سیاسی
جیهان قەتەر و ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا

 سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، دۆخی ئێستای گەرووی هورمز قبووڵکراو نییە، هاوکات ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی سەرپەرشتیی دانوستانی ناڕاستەوخۆی لە نێوان تاران و واشنتندا کردووە و لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتن بەدیهاتووە.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا جەختیکردەوە، رەوشی گەرووی هورمز نالەبارە و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە یاریپێکردنی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بهێنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد ئێران تەنیا لە ژێر گوشاری ئەم تەنگژەیەدا نییە، بەڵکوو تەواوی جیهان و دەوڵەتانی کەنداو رووبەڕووی لێکەوتە نەرێنییەکانی بوونەتەوە و گوتی: بەکارهێنانی رێڕەوە ئاوییەکان بۆ گوشار خستنەسەر وڵاتان و سەپاندنی هەژموون بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاشکرای کرد، دوێنێ پێنجشەممە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکادا بەڕێوەچووە و هەنگاوی ئەرێنی نراوە، روونیشیکردەوە، دەوحە لە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانییەوە خواستی جددی بەدی کردووە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی هەموو هەوڵ و توانایەکی دیپلۆماسیی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ گێڕانەوەی پرۆسەی گفتوگۆکان بۆ سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان