بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

پزیشکیان: دەمانەوێت لەگەڵ واشنتن بگەین بە رێککەوتن

پزیشکیان: دەمانەوێت لەگەڵ واشنتن بگەین بە رێککەوتن
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

 سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دوایین پێشنیازی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا لە چاوەڕوانیی گڵۆپی سەوز و رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، هەروەها لە لێدوانێکی دیکەیدا بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوز ئارەزووی تاران بۆ زیندووکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولای دەربڕی.

ئەم پەیامانەی سەرۆککۆماری ئێران دوای دوو رۆژ دێت لە وتارەکەی ترەمپ لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێیدا باسی لەوە کردبوو پێیوایە ئێران تا پێش هەڵبژاردنەکانی وەرزی پاییز ناگاتە هیچ رێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ململانێیە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، دانوستانکارانی ئەمریکی و ئێرانی لە نیویۆرک تاوتوێی نەخشەڕێگەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەکەن بۆ دەربازبوون لە جەنگ، کە خۆی لە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن واشنتنەوە دەبینێتەوە.

ئێستا گەرووی هورمز بووەتە کارتی سەرەکیی دانوستان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نزیکەی حەوت مانگەی نێوان واشنتن و تاران، لە کاتێکدا ئێران هەوڵ دەدات لەو سزا ئابوورییە رزگاری بێت کە ئابوورییەکەی شەکەت کردووە، ئەمریکاش خوازیاری دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانییە لەو شادەمارە نەوتییەی جیهاندا.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئێرانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران هیچ سازشێکی ئەتۆمی ناکات، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا پێشنیازەکەی تاران بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز پەسەند بکات.

جەختیشی کردووەتەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێن.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان