بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

حووسییەکان دڵنیایی دەدەنە یەکێتیی ئەوروپا کەشتییە بازرگانییەکانیان ناکەنە ئامانج

حووسییەکان دڵنیایی دەدەنە یەکێتیی ئەوروپا کەشتییە بازرگانییەکانیان ناکەنە ئامانج
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گرووپی حووسییەکانی یەمەن لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە یەکێتیی ئەوروپایان دڵنیا کردووەتەوە کە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئەوروپییەکان لە دەریای سوور؛ هەنگاوێک کە دەریدەخات چەکدارەکان دەیانەوێت شەڕەکەیان تەنیا دژ بە سعوودیە پیشان بدەن، نەک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هێڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، دوو دیپلۆماتکاری ئاگادار ئاشکرایان کردووە، حووسییەکان لە نامەیەکدا بۆ دەستەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، جەختیان لەوە کردووەتەوە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەیان بە درێژایی کەناراوەکانی باشووری یەمەن، بۆ پەکخستنی ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی نییە لە گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب.

نامەکە لە رۆژی 10ـی ئەیلوول رادەستی ئەورووپییەکان کراوە، هەمان ئەو رۆژەی کە حووسییەکان دەستیان بەسەر بەندەری موخای یەمەنیدا گرت و دواتر چەندین دوورگەی تریان لە دەریای سوور کۆنترۆڵ کرد. ئەم پەیامە هەوڵێکە بۆ ئەوەی پیشانی بدەن شەڕەکەیان تەنیا لە دژی سعوودیەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە تەممووزی رابردوودا ئاگربەستی ساڵی 2022یان شکاند و هێرشیان کردە سەر بەندەر و دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە.

پێشتریش لە رێگەی نێوەندگیریی عومانەوە، حووسییەکان دڵنیایی هاوشێوەیان بە واشنتن دابوو. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، حووسییەکان پەیوەندییان پێوە کردوون و گوتوویانە نایانەوێت شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا بکەن و رێگە دەدەن زۆربەی کەشتییەکان تێپەڕن.

هاوکات لەگەڵ ئەم دڵنیاییانە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گواستنەوەی کانتێنەر (وەک مایرسک و سی ئێم ئەی) گەشتەکانیان بە نۆکەندی سوێس و بابولمەندەبدا زیاد کردووە، بە جۆرێک جموجووڵی کەشتییەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە نزیکەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

ڤینسێنت کلێرک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێرسک رایگەیاندووە: لە ماوەی ساڵی رابردوودا هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر کەشتییە کانتێنەرهەڵگرەکان، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە حووسییەکان بەنیازی بەئامانجگرتنی ئەو جۆرە کەشتییانە نین.

سەرەڕای ئەمەش، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هێشتا بە مەترسییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و زۆرجار سیستەمی شوێنپێهەڵگرتن (GPS)ی خۆیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی گەشتەکەیان بەرەو بەندەرەکانی سعوودیە ئاشکرا نەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، سعوودیە هەوڵەکانی بۆ راکێشانی پشتیوانیی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی چڕ کردووەتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی سەرباز، رادار و سیستەمی بەرگری دەنێرێتە بەندەری یەنبەعی سعوودی بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە، بەڵام جەختی کردەوە "فەرەنسا بەشداری لە هیچ شەڕێکدا ناکات."

هاوکات بەریتانیاش فڕۆکەیەکی تایبەتی سووتەمەنیدانی ئاسمانیی بۆ هاوکاریکردنی بەرگریی سعوودیە جێگیر کردووە، لە کاتێکدا یەکێتیی ئەورووپا و ریاز سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هاوبەشن بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان