بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

میدیای تورکیا: 2000 چەکداری یەبەشە تێکەڵی سوپای عێراق دەبن

میدیای تورکیا: 2000 چەکداری یەبەشە تێکەڵی سوپای عێراق دەبن
سیاسی
تورکیا تورکیا و عێراق

رۆژنامەیەکی فەرمیی تورکیا ئاشکرای دەکات، ئەنقەرە و بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال و بڕیاریشە زیاتر لە دوو هەزار چەکداری سەر بە "یەبەشە"تێکەڵ بە ڕیزەکانی سوپای عێراق بکرێن.

رۆژنامەی "حورییەت"ـی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، بڕیار دراوە دوو هەزار و 200 چەکداری "یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال"(یەبەشە) چەک دابنێن و بخرێنە ناو پێکهاتەی سوپای عێراقەوە. ئەم هەنگاوەش دوای کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ناوچەی شنگال وەک "قەندیلی دووەم"لەقەڵەم دەدرا و رێڕەوێکی سەرەکیی لۆجیستی بوو بۆ گواستنەوەی چەک و چەکدار لە نێوان قەندیل، کەمپی مەخموور و ڕۆژئاوای کوردستان (سووریا)؛ ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییەکەی، بوونی تۆڕێکی فراوانی تونێل و حەشاردگە، و دووریی 80 کیلۆمەتری لە سنوورەکانی تورکیا و سووریا.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و تێکەڵکردنی ئەو چەکدارانە بە سوپای عێراق، سەروەریی دەوڵەت بەهێزتر دەکات و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر دەباتە قۆناغێکی باڵاتر، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی ئارامی و زەمینەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژە ئابوورییە گەورەکەی ناسراو بە "ڕێگەی گەشەپێدان".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، لە راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەی نیویۆرکدا، ئەنقەرە و بەغدا جەختیان لە پتەوکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، سەپاندنی دەسەڵاتی تەواوەتیی دەوڵەت بەسەر قەزای شنگالدا و نەهێشتنی بوونی هەموو گرووپە چەکدارە قەدەغەکراوەکان کردەوە.

 
عەبدولسەلام توتنچی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان