بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سەعد مەعن: رادەستکردنەوەی بنکەی زێلکان هەنگاوێکی ستراتیژییە

سەعد مەعن: رادەستکردنەوەی بنکەی زێلکان هەنگاوێکی ستراتیژییە
سیاسی
عێراق عێراق و تورکیا

سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ رادەستکردنەوەی بنکەی سەربازیی "باشیک - زێلکان"بە حکوومەتی فیدراڵ، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی سەروەریی عێراق و سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا، هاوکات جەخت لە ئامادەیی تەواوەتیی هێزە ئەمنییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی خاکی وڵات بەبێ پێویستبوون بە هیچ پێکهاتەیەکی دەرەوەی دەوڵەت.

فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، وەرگرتنی بنکەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی خۆجێیی، چەسپاندنی ئەو بنەما دەستوورییەیە کە بەڕێوەبردنی دامەزراوە سەربازییەکان تەنیا لە دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدایە، ئاماژەی بەوەش کرد ئەم هەنگاوە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری مووسڵ، بە ئاراستەی بەدیهێنانی سەقامگیرییەکی ئەمنیی بەردەوام.

سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتنەکە رەهەندی سیاسی و دیپلۆماسیی بەرچاوی هەیە بەوپێیەی دۆسیەی بوونی سەربازیی تورکیا لە بازنەی ناکۆکییەوە دەگوازێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوێکی دانوستانکاریی ڕێکخراو، ئەمەش هاوکارییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بەهێزتر دەکات و هاندەر دەبێت بۆ خێراکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان و لە سەرووشیانەوە پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان".

سەبارەت بە رێککارە مەیدانییەکان، سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد، رێککەوتنەکە چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنی کردارییەوە لە رێگەی رادەستکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخ و بەپێی خشتەیەکی کاتیی هەماهەنگیکراو لە نێوان هەردوولادا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە "پاکێجێکی ئەمنیی گشتگیرە"و پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپە چەکدارە بیانییە قەدەخەکراوەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە قەزای شنگال و ناوچەکانی باکوور.

لە کۆتاییدا سەعد مەعن جەختی لەسەر پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بە سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکان و زامی یەکپارچەیی بڕیاری ئەمنی، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان و پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراق دەستەبەر بکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان