بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

مەلا بەشیر حەداد: ئازادی و سەربەخۆیی مافێکی خوایی و شەرعییە

مەلا بەشیر حەداد: ئازادی و سەربەخۆیی مافێکی خوایی و شەرعییە
ئایینی
کوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

زانای ئایینی مەلا بەشیر حەداد رایگەیاند، پێدانی ئازادی یان سەربەخۆیی بە گەلان خەڵاتێک نییە لەلایەن دەسەڵات یان حکوومەتێکەوە ببەخشرێت، بەڵکوو مافێکی خوایی و شەرعیی مرۆڤە. ئاماژەی بەوەش کرد، خوای گەورە مرۆڤی بە ئازادی دروست کردووە و نابێت ژێردەستە بێت.

رۆژی هەینی، 25ی ئەیلوولی 2025، لە وتاری رۆژی هەینیدا، مەلا بەشیر حەداد جەختی لەوە کردەوە کە سەربەخۆیی مافی بنەڕەتیی هەر نەتەوەیەکە بۆ ئەوەی بە سەربەرزی، ئازادی و سەرفرازی خۆی بژیت، چونکە خوای گەورە بەو جۆرە مرۆڤی خولقاندووە.

مەلا بەشیر حەداد ئاماژەی بە گوتەیەکی ناسراوی ئیمامی عومەر کرد و گوتی: "ئیمامی عومەر چاک لەوە تێگەیشتووە کە خوای گەورە مرۆڤی بە ئازادی دروست کردووە و نابێت ژێردەستە بێت، بۆیە دەفەرموێت: (متى استعبتم الناس وقد ولدتهم امهاتهم احرارا)؛ واتە کەی خەڵکتان کردە کۆیلەی خۆتان لە کاتێکدا دایکەکانیان بە ئازادی ئەوانیان هێناوەتە؟"

ئەم وتارانەی مەلا بەشیر حەداد لە کاتێکدان، گوتاری نوێژی هەینی لە سەرانسەری مزگەوتەکانی کوردستان ئاڕاستەی پرسی سەربەخۆیی کرابوو.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی رایگەیاندبوو، لە نۆیەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا، گوتاری هەینی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرگریکردن لە خاک و گەیشتن بە مافی چارەنووس، فەرمان و ئەرکێکی ئایینی و شەرعییە پێش ئەوەی نیشتمانی بێت.

لە 25ی ئەیلوولی 2017، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆم 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە رێژەی زیاتر لە 92%ی دەگدەرانی ئەوکاتی پێکهێنا.

 

ئیسرا ئەنوەر ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان