بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئێران پێشنیازێکی داوەتە ئەمریکا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

ئێران پێشنیازێکی داوەتە ئەمریکا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز
سیاسی
ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ بەڕوودا کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 7 رۆژدا، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی 7 مەرجی سەرەکی کە راگرتنی شەڕ و هەڵگرتنی سزاکان لەخۆدەگرێت.

هەینی، 25ی ئەیلوولی 2025، میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕکە، مەرجەکانی وڵاتەکەی رادەستی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کردووە بۆ  کردنەوەی گەرووی هورمز کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەکانی پەککەوتووە.

عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ چەند پێگەیەک، لەنێویاندا رۆژنامەکانی "نیویۆرک تایمز"و "گاردیان"رایگەیاند: "لە حالەتی جێبەجێکردنی مەرجە دیاریکراوەکاندا، لە ماوەی 7 رۆژدا گەرووەکە دەکرێتەوە و دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە."

بەپگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز لە سەرچاوە ئێرانییەکانەوە، مەرجەکانی ئێران بریتین لە:

- راگرتنی تەواوی جمەجۆڵە چەکدارییەکان بۆ ماوەی 7 رۆژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە لوبنانیشەوە.
- ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران کە بە لانی کەمەوە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
- هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی وەڵامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان و روونیشی کردەوە چین، کە سەرۆکەکەی لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ ئەمریکا، پشتیوانی لەم پێشنیازەی ئێران دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن موحبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس"ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەنیش یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران.

ئەم بەرەوپێشچوونانە لە کاتێکدان، دونالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزا کردبوو بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام بەهۆی جیاوازی لە لێکدانەوەی رێککەوتنەکە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵدایەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئێران مەرج لەسەر ئەو کەشتییانە دادەنێت کە دەیانەوێت لە گەرووەکە بپەڕنەوە مۆڵەتی لێ وەربگرن، ئەمەش بە هۆکاری پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی دەبەستێتەوە. هاوکات بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر ئەو کەشتییانەی پەیڕەوی ئەم مەرجە ناکەن، لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بۆردومانی ناوچە کەناراوییەکانی ئێران دەکات.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان