بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

نوعمان کورتوڵموش: چاودێریی چەکدانانی پەکەکە دەکەین

نوعمان کورتوڵموش: چاودێریی چەکدانانی پەکەکە دەکەین
سیاسی
تورکیا چەک دانانی پەکەکە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پەرلەمان چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای چەکداماڵین و راپۆرتە فەرمییەکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد تاوەکو دەزگا ئەمنییە رێگەپێدراوەکان بە تەواوی پشتڕاستی نەکەنەوە کە رێکخراوەکە هەڵوەشاوەتەوە و چەکەکانی لەکارخراون، پڕۆسەی یاسایی دەست پێناکات.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "Ortadoğu Analiz"رایگەیاند، سێ بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پەرلەمانی لە قۆناخی داهاتووی دەستپێشخەریی "تورکیای بێ تیرۆر"خستەڕوو.

کورتوڵموش ئاشکرای کرد، کۆمسیۆنێکی تایبەتی چاودێری پێکدەهێنرێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاساکە. هەروەها پەرلەمان پێداچوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دەزگا ئەمنییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە و بڕیارەکانی حکوومەت لەسەر کەیسە تاکەکەسییەکان دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەزگا ئەمنییە رێگەپێدراوەکان بەبێ هیچ گومانێک بسەلمێنن کە رێکخراوەکە بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە و چەکەکانی لەکارخراون، راشیگەیاند: "تاوەکو ئەم دیاریکردنە نەکرێت، پڕۆسەی یاسایی بەرێوەناچێت."

پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابدا یاسای چوارچێوەی پەسەند کردبوو. کورتوڵموش روونی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە پێویستی بە شەفافیەت، مامەڵەی یەکسان و چاودێریی کاریگەر هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چەکداماڵین بە تەنیا ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکوو پێویستە پڕۆسەکە بەشداریی دیموکراتی و هاووڵاتیبوون بەهێزتر بکات، هاوکات پارێزگاری لە پێكهاتەی یەکگرتووی تورکیا و زمانی فەرمیی وڵاتەکە بکات.

سەبارەت بە ناوچەکە، کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت چیتر گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک ئەکتەری سیاسیی شەرعی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ریزگرتن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و هاووڵاتیبوونی یەکسان لە عێراق، ئێران، سوریا و لوبنان دەبێت ببنە بنەمای هاوبەش. هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەزموونی تورکیا ناتوانرێت بە شێوەیەکی دەقاودەق لە عێراق و سوریا جێبەجێ بکرێت، چونکە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتەنە جیاوازە، بەڵکوو ئەوەی دەکرێت بگوازرێتەوە تەنیا رێگەچارە و میتۆدەکەیە.

سەبارەت بە رێککەوتنی ئەنقەرە و بەغدا، لە 23ی ئەیلوولدا تورکیا و عێراق رێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت بۆ شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارە نایاساییە بیانییەکان، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەش دوای کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان