بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

فڕۆکەخانەی نەجەف گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت

فڕۆکەخانەی نەجەف گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت
سیاسی
عێراق

کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و رۆیشتن لەگەڵ ئێران، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە تا کاتێکی نادیار راگرت.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی و بەپەلەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەری وێستگەکان و هێڵە ئاسمانییەکان کراوە، هاتووە "پشتئەستوور بە رێنماییە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیار درا بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان (هاتن و ڕۆیشتن) لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و کۆماری ئیسلامیی ئێران."

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارەکە لە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئەیلوولی 2026)ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.

هاوکات، کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەخانە کردووە، هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر و لە ماوەی ئەم راگرتنەدا هیچ هەنگاوێکی ئۆپەراسیۆنی بۆ گەشتەکانی ئێران ئەنجام نەدەن؛ جەختیشی کردووەتەوە کە هەر پێشهاتێکی نوێ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بێتە ئاراوە، بە فەرمی رایدەگەیەنن.

هاوکات کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف رێگری لە گەشتیاران کردووە سەرکەونە سەر فڕۆکەیەکی ئێرانیی سەر بە کۆمپانیای "میعراج"و ناچاری کرد بە بەتاڵی و بێ سەرنشین بگەڕێتەوە بۆ مەشهەد. 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان