بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: تەوەرێکی گوتارەکانی نوێژی هەینی تایبەتە بە ریفراندۆم

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: تەوەرێکی گوتارەکانی نوێژی هەینی تایبەتە بە ریفراندۆم
ئایینی
کوردستان ریفراندۆم مزگەوت نوێژی بەکۆمەڵ گوتاری هەینی

ئەندامێکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایدەگەیەنێت، گوتاری ئەمڕۆی هەینی لە مینبەرەکانی مزگەوتەکانی کوردستانەوە تایبەت دەبێت بە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هاوکات جەخت دەکاتەوە، بەرگریی لە خاک و گەیشتن بە مافی چارەنووس، فەرمان و ئەرکێکی ئایینی و شەرعییە پێش ئەوەی نیشتمانی بێت.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕیـی راگەیاند "لە نۆیەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا، گوتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینی تیشک دەخاتە سەر چەندین لایەنی گرنگی ئەو هەنگاوە مێژووییەی گەلی کورد، کە وەک دەستکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتمانی لە مێژوودا تۆمار کراوە."

شێرکاوەیی باسی لەوە کرد کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گوتاری هەینی جەختکردنەوە دەبێت لەسەر ئەوەی "ئازادی مافێکی بنچینەیی و سروشتییە و خوای گەورە بە یەکسانی بە هەموو گەلانی دنیای بەخشیوە؛ نابێت ئەم مافە تەنها بۆ گەلێک بێت و گەلێکی دیکە پەراوێز بخرێت، یاخود سەرکردەیەک لە دونیا بە ویستی خۆی بە گەلێکی ببەخشێت و گەلێکی دیکەی لێ بێبەش بکات، بەڵکوو مافێکی خودادادە و بۆ هەموو نەتەوەیەک دەستەبەر کراوە."

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی روونیشی کردەوە "شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام لە پێناو پاراستنی کەرامەت، چەسپاندنی دادپەروەری و رزگارکردنی گەلان لە ژێردەستەیی و ستەمکاری هاتووە؛ لەبەر ئەوە بەرگریکردنی گەلان لە ئازادیی خۆیان مافێکی شەرعییە و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و گەیشتن بە مافی چارەنووس، ئەرکێکی ئایینییە بەر لەوەی نیشتمانی بێت."

لەبارەی بەشداریی خەڵکیش لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، ئەو ئەندامەی بۆردی گوتاری هەینی گوتی "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، زیاتر لە 92٪ـی خەڵکی کوردستان دەنگی بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی دا. ئەم دەنگدانە تەنیا چالاکییەکی نیشتمانی نەبوو، بەڵکوو هەڵقوڵاوی هەناوی گەلی کورد و بەرجەستەکردنی مافێکی رەوای خودا بوو. خودای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا)؛ واتە خودا مرۆڤەکانی کردووەتە نەتەوە و گەلی جیاواز، کەواتە گەلی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە، مافی شەرعی و یاسایی خۆیەتی بگات بە مافی چارەنووسی خۆی و سەربەخۆ بێت."

 
شۆڕش هەرکی ,
سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان