بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

تارا عەبدوڵڵا بە تابلۆی 'یەکەم خوان' بەشداری لە پێشانگەی نیشتیمانی پاییزەی نۆروێژ کرد

تارا عەبدوڵڵا بە تابلۆی 'یەکەم خوان' بەشداری لە پێشانگەی نیشتیمانی پاییزەی نۆروێژ کرد
هونەری
کوردستان تابلۆی شێوەکاری شێوەکاری کورد نۆرویژ

تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە تابلۆی گەورەی "یەکەم خوان"، بەشداری لە خولی 139ـەمین پێشانگەی نیشتیمانی پاییزەی نۆرویژ کرد، پێشانگەیەکی گرنگی هونەری هاوچەرخی ئەو وڵاتە کە لە ماڵی هونەرمەندان لە ئۆسلۆی نۆرویژ بەڕێوەچوو.

پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد بەـی راگەیاند، "ئەم پێشانگەیە یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین پێشانگە نیشتیمانییەکانی هونەری هاوچەرخی نۆرویژ و مێژووی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1882؛ ئەو کاتە کۆمەڵێک هونەرمەندی نۆرویژی، لەوانە کریستیان کروگ، فریتس تاولۆ و ئێریک ڤەرنسکیۆڵد، دژی شێوازی هەڵبژاردنی کاری هونەری لەلایەن کۆمەڵەی هونەری کریستیانیا ناڕەزاییان دەربڕی و داوایانکرد هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هاوچەرخەکان لەلایەن پسپۆڕانی هونەرەوە بکرێت.
بەم شێوەیە یەکەمین پێشانگەی پاییزە لە 14ـی تشرینی دووەمی 1882 بە بەشداری 25 هونەرمەند کرایەوە و لە ساڵی 1884ـەوە پشتگیری دەوڵەتی وەرگرت و بە پێشانگەی نیشتیمانی هونەری ناسرا."

تارا دەربارەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگەکە گوتی: "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگەکە، شێوازی کراوەی ناردنی بەرهەم و هەڵبژاردنی کارەکانە لەلایەن ژوورێکی پێکهاتوو لە هونەرمەندانی پیشەیی، ئەمەش وای کردووە پێشانگەکە لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا ببێتە یەکێک لە پلاتفۆرمە گرنگەکانی ناساندنی ئاراستە و هونەرمەندە نوێکان لە نۆرویژ."

تارا عەبدوڵڵا جەختی لەوەشکردەوە: "لە ساڵی 1930 بەدواوە پێشانگەی پاییزە لە "ماڵی هونەرمەندان"لە ئۆسلۆ بەڕێوەدەچێت. لە مێژووی ئەم پێشانگەیەدا ژمارەیەک لە ناسراوترین هونەرمەندانی نۆرویژ بەشدارییان تێدا کردووە، لەوانە هونەرمەندی بەناوبانگی نۆرویژی ئێدوارد مونک لە ساڵی 1883 یەکێک لە یەکەم بەشدارییەکانی لەم پێشانگەیەدا هەبووە."

سەبارەت بە خولی ئەمساڵی پێشانگەکە، تارا عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە خولی ئەمساڵی پێشانگەکەدا، لە کۆی 2515 داواکاری تەنیا 83 هونەرمەند و گروپی هونەری هەڵبژێردراون، کە 49 دانەیان بۆ یەکەمجارە بەشداری پێشانگەی پاییزە دەکەن و منیش وەک هونەرمەندێکی کورد یەکێکم لەوانە.
 
تارا عەبدوڵڵا باس لە نمایشکردنی تابلۆکەی خۆی لەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "تابلۆی "یەکەم خوان"، بە شێوەیەکی گەورە و بە ئەکریلیک لەسەر کانڤاس دروستم کردووە و بەشێکە لە زنجیرەی بەردەوامی کارەکانم لەسەر پێکهاتە و قاڵبە جێندەرییەکان کارم کردووە. ئەم تابلۆیە لە کۆتایی ساڵی 2025 لە کارگەی کولتووری لە سلێمانی دروستم کردووە. "یەکەم خوان"،  تابلۆیەکی بەرفراوانە بە بەرزی 190 سانتیمەتری و درێژی 400 سانتیمەتری. لە ناو تابلۆکەدا من کۆبوونەوەیەکی خەیاڵیم لە دەوری مێزێک دروست کردووە و خۆم لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە کۆکردووەتەوە کار و بیرۆکەکانیان کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر گەشەپێدانی زمانی هونەریی من داناوە."

تارا عەبدوڵڵا روونیکردەوە، "لەسەر مێزەکە خواردنی ئاسایی نییە، بەڵکو هونەر خۆی دەبێتە خواردنی ئەم کۆبوونەوە خەیاڵییە، لە رێگەی نیگارکێشان، دامەزراندنی هونەری، جووڵە و بیرۆکەوە، گفتوگۆیەک لەنێوان نەوە و سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی هونەر دروست دەکەم."

سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو تابلۆیە، تارا عەبدوڵڵا دەڵێت، "بیرۆکەی ئەم تابلۆیە سەرچاوەی گرتووە لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە کارەکانی هونەرمەندانی جیاواز و بینینی بەرهەمە رەسەنەکانیان. هەروەها بینینی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی وەک ریچارد سێرا، پابڵۆ پیکاسۆ و مارینا ئابرامۆڤیچ، بۆ من هەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ خودی هونەرمەندەکان لە رێگەی کارەکانیانەوە دروستم کردووە."

تارا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "تابلۆی "یەکەم خوان"، ئەم ئەزموونە دەگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەیەکی خەیاڵی و لە رێگەیەوە دەپرسی چۆن هونەرمەندانی نەوەی نوێ لە نەوەکانی پێش خۆیان فێردەبن، وەڵامیان دەدەنەوە و گفتوگۆی هونەری لەنێوان نەوەکان بەردەوام دەکەن. هەر بۆیە تابلۆکە لە پێشانگەی پاییزەدا لە بەشی سەرەتایی پێشانگەکە نمایش کراوە و لەسەر دیوارێک بە رەنگێکی نزیک لە برۆنز دانراوە."

تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی هونەری لە پەیمانگەی هونەر و کۆلێژی هونەر لە سلێمانی تەواو کردووە. ئێستا لە ئۆسلۆی نۆرویژ نیشتەجێیە و لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی پشتگیری هونەری لەگەڵ رێکخراوی "سەف میوز"چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەکات. کارەکانی تارا تەنیا لە نیگارکێشان سنووردار نین، بەڵکو دامەزراندنی هونەری، دەنگ و کارکردن لە بۆشایی گشتییش لەخۆدەگرن. لە کارەکانی ئەودا بابەتەکانی وەک رەگەز، ناسنامە، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەزموونی ژنان و کاریگەریی ژینگە و کۆمەڵگە لەسەر تاک، شوێنێکی دیاریکراویان هەیە.

تارا عەبدوڵڵا بە تابلۆی 'یەکەم خوان' بەشداری لە پێشانگەی نیشتیمانی پاییزەی نۆروێژ کرد
وێنەی تابلۆی "یەکەم خوان"

 

 
گەرمیان گلی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان