وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و بەیژینگ گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی بازرگانیی نێوانیان بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە، دوای ئەوەی بڕیار بوو لە 10ـی تشرینی دووەمدا وادەکەی کۆتایی پێ بێت.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە دوای کردنی کۆمەڵێک گفتوگۆ لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین، ئاشکرایکرد، هەردوو گەورەترین زلهێزی ئابووریی جیهان رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە هێوربوونەوەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا روونیشیکردەوە، ئەم هێوربوونەوەیە بڕیار بوو لە 10ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا کۆتایی پێ بێت، تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دانوستانە دووقۆڵییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان.
ئەم لێدوانەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا و لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا، هاوکات بڕیار وایە ماوەی سەردانەکەی شی، سێ رۆژ بخایەنێت و لە ماوەیەشدا، چەندان کۆبوونەوەی گرنگ لە بارەی پرسی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێناسی گومرگی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەمریکا بکات.




