لە سەردانێکی فەرمیدا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێکرا، هاوکات بڕیار وایە چەند رۆژێک لەو وڵاتە بمێنێتەوە و چەندان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام بدات.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی سەردانەکەیدا، شی جینپینگ سەرۆکی چین، لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە، هاوکات بڕیار وایە لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێناسی گومرگی تاوتوێ بکەن.
سەردانەکەی شی ماوەی 3 رۆژ دەخاێنێت. میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، ترەمپ پلانی هەیە لە کاتی گەیشتنی شی بە ئەمریکا بەشێوەیەکی کەسی پێشوازیی لێ بکات. چاوەڕوان دەکرێت شی لە کاتی گەیشتنی بۆ واشنتن لەمڕۆ چوارشەممەدا، پێشوازییەکی دەگمەنی لێ بکرێت، چونکە ترەمپ دەچێتە بەردەم فڕۆکەخانەی بنکەی ئەندروز بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکەکەی، نەک ئەوەی لە کۆشکی سپی چاوەڕێی گەیشتنی بکات.
بڕیاری ترەمپ بۆ پێشوازیکردن لە شی لە بنکەی هاوبەشی ئەندروز، کە راستەوخۆ دەکەوێتە دەرەوەی واشنتن، دەریدەخات سەرۆکی ئەمریکا تا چەند هەوڵ دەدات رێز لە سەرۆکی چین بگرێت لە یەکەم سەردانی دەوڵەتیدا بۆ ئەمریکا لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا. دوا سەردانی فەرمیی شی بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلوولی 2015، کاتێک سەردانی سیاتڵ، واشنتن و نیویۆرکی کرد و لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، شی و ترەمپ کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ئاشتی و گەشەپێدان تاوتوێ دەکەن. وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین پێش سەردانەکە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی کۆبووەوە، لەکاتێکدا هەردوو لا هەوڵ دەدەن کێشەکان بەڕێوەببەن و کەناڵەکانی دیالۆگ بەکراوەیی بهێڵنەوە.
بەیژینگ تا ئێستا بەرنامەی وردی لووتکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، شی فشار لەسەر ترەمپ دەکات سەبارەت بە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تایوان، کە بەیژینگ هەوڵی وەستاندنی دەدات و پشت بە بەیاننامە هاوبەشەکەی ساڵی 1982ـی ئەمریکا و چین دەبەستێت.
تایوان لە هەر لایەنێکی دیکە زیاتر دەتوانێت ئارامییە لاوازەکەی نێوان ئەمریکا و چین تێکبدات. لە ناوەڕاستی ئەم دۆسیەیەدا پاکێجێکی چەکی ئەمریکی بە بەهای 14 ملیار دۆلار هەیە، کە لەوانەیە ببێتە یەکێک لە گرنگترین کارتی دانوستاندن لە کاتی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکەکەدا.
بۆ شی، ناچارکردنی ترەمپ بۆ بەردەوامبوون لە دواخستنی پەسەندکردنی ئەو پاکێجەی تایوان ئامانجێکی سەرەکییە، هەستیاریی ئەم دۆسیەیەش شتێکی نوێ نییە. لە کۆبوونەوەی رابردوویان، شی هۆشداریی بە ترەمپ دا کە بەڕێوەبردنی هەڵەی گرژییەکانی تایوان رەنگە زۆر مەترسیدار بێت بۆ هەردوو وڵات، بەتایبەت لە سایەی مەترسیی گۆڕانی هەر پێکدادانێک لەسەر ئەو دوورگەیە بۆ قەیرانێکی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو زلهێزەکەدا.
بەیژینگ ئەو دوورگەیەی خاوەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لەکاتێکدا تایپی چەندین دەیەیە بۆ هاوسەنگکردنی فشار و هەڕەشە سەربازییەکانی چین، پشت بە پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا دەبەستێت. سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ بوونی ناکۆکیی بەرفراوانی بازرگانی و ستراتیژی لە نێوان واشنتن و بەیژینگ، ئەمەش لووتکەکە دەخاتە ئاستێک کە گرنگییەکەی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تێدەپەڕێت و دەبێتە پرسی داهاتووی هاوسەنگی لە نێوان دوو گەورەترین زلهێزی ئابووریی جیهاندا.




