وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی سەرکردەکانی گرووپی بیست (G20) بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا لە مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەبچێت.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی G20 بەشداری بکات، ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە، هاوکات ترەمپ جەختیکردەوە، لەگەڵ هەردوو لایەندا کار دەکات بۆ راگرتنی جەنگ.
رۆبیۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە نیویۆرک گوتی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کۆببینەوە کە ناکۆکیمان لەگەڵیاندا هەیە، هەر بۆیە سەرۆک پووتینمان بۆ لوتکەی گرووپی بیست بانگهێشت کردووە. گوتیشی: پێمان وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ناوبراو بۆ پەیوەندیکردن نەک تەنیا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، بەڵکو لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهانیش، و هیوادارین بانگهێشتەکە قبوڵ بکات.
ئەم لێدوانەی رۆبیۆ دوای کۆبوونەوەیەکی هات لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە نیویۆرک لە پەراوێزی کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بەرامبەردا، لاڤرۆڤ لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، مۆسکۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا راناگرێت و وڵاتانی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدەن هەر راگرتنێکی جەنگ بۆ پڕچەککردنی سوپای ئۆکرانیا بقۆزنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد هێرشە دوولایەنەکانی سەر ژێرخانی وزەی یەکتر رابگرن، رایگەیاند، هەردوولا ئامادەییان بۆ ئاگربەستێکی س سنووردار لە کەرتی وزەدا نیشان داوە، ئەوەش دەکرێت ببێتە زەمینەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوانتر. پێشتریش ڤلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتبووی وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی وزەی رووسیا بوەستێنێت ئەگەر مۆسکۆش هەمان هەنگاو بنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ داوای لە کیێڤ کردبوو پالاوگەکانی بەرهەمهێنانی گازوایل نەکاتە ئامانج.
زێلینسکی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ رایگەیاندبوو، واشنتن و کیێڤ دەیانەوێت پێش وەرزی زستان کۆتایی بەم جەنگە بێهودەیە بهێنن. بەڵام لە ماوەی رابردوودا هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا، چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە، بەڵام دوایین دیداری رووبەڕووی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025ـەوە.




