بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

78 دەوڵەت داوا لە رووسیا دەکەن دەستبەجێ و بێمەرج جەنگ دژی ئۆکرانیا رابگرێت

78 دەوڵەت داوا لە رووسیا دەکەن دەستبەجێ و بێمەرج جەنگ دژی ئۆکرانیا رابگرێت
سیاسی
جیهان شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا

27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا شانبەشانی 51 دەوڵەتی دیکە، لەنێویاندا بەریتانیا، یابان، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ئیسرائیل، داوایان لە رووسیا کرد بە ئاگربەستێکی تەواو، دەستبەجێ و بێمەرج لەگەڵ ئۆکرانیا رێکبەکەوێت، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکرانیا.

پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، ئەم هەڵوێستە لە میانی بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەو 78 دەوڵەتەدا لە نیویۆرک راگەیەندرا، پێش دەستپێکردنی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئۆکرانیا. بەیاننامەکە هاوسۆزیی تەواوی لەگەڵ کیێڤ دووپاتکردەوە و هۆشداریی دا لە پەرەسەندنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی وڵاتەکە.

دەوڵەتە بەشداربووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبارەی هێرشەکانی سەر دەریای رەش دەربڕی و رایانگەیاند، رووسیا هەوڵی پەکخستنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدات، بەوەش ئاسایشی خۆراکی لەسەر ئاستی جیهان خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها جەختیان لە زامنکردنی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانە هەستیارەکان کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا تیشک خرابووە سەر ئەوەی ئۆکرانیا هەر لە مانگی ئاداری ساڵی 2025ـوە ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و بێمەرج نیشان داوە، بۆیە داوا لە مۆسکۆ کرا هەمان هەڵوێست بنوێنێت تاوەکو دەرفەت بۆ دیپلۆماسی و دانوستانی راستەقینە بڕەخسێت، هاوکات داوا لە رووسیا کرا، دیلەکان و هاووڵاتیانی مەدەنیی دەستبەسەرکراو ئازاد بکات بە مەبەستی دروستکردنی متمانەی دوولایەنە.

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: ئۆکرانیا ئاشتیی دەوێت، ئێمەش ئاشتیمان دەوێت، دەبێت رووسیا کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بهێنێت، پابەندبوون بە ئاگربەست بێت و بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی گشتگیر، دادپەروەرانە و بەردەوام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

 ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2014 بە لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمیا بە رووسیاوە دەستیپێکرد، پاشان لە 24ـی شوباتی 2022ـوە بە پەلامارێکی بەرفراوانی مۆسکۆ گۆڕدرا بۆ جەنگ و داگیرکارییەکی سەربازیی گەورە.

 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان