پەیامنێری لە بەغدا رایگەیاند، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری لە بەغدا، کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکەی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە سبەینێوە دەستپێدەکەن. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 و رێککەوتنە لەسەر لایەنە دارایی و تەکنیکییەکان.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە پێکدێت.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان لە رووی تەکنیکییەوە تایبەت دەبێت بە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، هاوکات خستنەڕووی تێبینی و داواکارییەکانی هەولێر لەپێناو جێکردنەوەیان لەنێو رەشنووسی یاساکەدا پێش ئەوەی رەوانەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بکرێت.




