بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

روبیۆ: بۆ رێگری لە دابەشبوونی عێراق پێویستە گرووپ و میلیشیاکان چەک بکرێن

روبیۆ: بۆ رێگری لە دابەشبوونی عێراق پێویستە گرووپ و میلیشیاکان چەک بکرێن
سیاسی
جیهان گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان ئەمریکا عێراق

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە پەرتەوازەبوونی عێراق، پێویستە سەرجەم گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان بێچەک بکرێن، هاوکات پشتیوانیی واشنتنی بۆ حکوومەتی عێراق لەپێناو کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت دووپاتیکردەوە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند،، هیچ گومانێکیان لە پابەندبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نییە بۆ کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت و پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەکەن. لە هەمان کاتدا هۆشداری دا و گوتی: "پێویستە میلیشیاکان چەک بکرێن تا رێگری بکرێت لە پەرتەوازەبوونی عێراق، مەبەست لێی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی دەوڵەتە بۆ سەر قەوارەی بچووک و ناکۆک لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ژێرخانی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کاری حووسییەکان نەبووە، بەڵکو ئەگەری زۆر هەیە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراقیش تێیدا بەشدار بووبن.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران، روبیۆ جەختیکردەوە،، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاراستنی گەرووە ئاوییەکان و بە کراوەیی هێشتنەوەیان، هەروەها رایگەیاند، رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز کراوەیە. رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ چەندان بژاردەی لەبەردەستدایە، لەنێویاندا بژاردەی سەربازی، لە کاتێکدا گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران پێویستی بە هەوڵ و کاری بەردەوام هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لە دیدی تاران گرت و گوتی: ئێران وا تێگەیشتووە کە دیموکراتەکان هەڵبژاردن دەبەنەوە و ترەمپ ناتوانێت رێوشوێنی لە دژ بگرێتەبەر، جەختیشیانکردەوە، بریکار و هێزە وابەستەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەڕەشەیەکی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی وڵاتان.

 
 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان