بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراق بە 10 ساڵ زیندانی سزا درا

پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراق بە 10 ساڵ زیندانی سزا درا
سیاسی
ئەشواق سالم حەسەن، پەرلەمانتاری عێراق
ئەشواق سالم حەسەن، پەرلەمانتاری عێراق
عێراق گەندەڵی پەرلەمانی عێراق

دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 10  ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتارێکی عێراق دەرکرد و پابەندی کرد بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 11 ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای حەوت ساڵ زیندانیی بۆ ئەشواق سالم حەسەن، پەرلەمانتاری عێراق دەرکرد، هۆکارەکەشی بۆ تێوەگلانی لە بەدەستهێنانی داهاتی نایاسایی گەڕاندەوە.

بڕیارەکە بە ئامادەبوونی ئەشواق سالم لە بەردەم دادوەر خوێندراوەتەوە و، پابەند کراوە بە گەڕاندەوەی تەواوی ئەو پارەیەی بە رێگەی نایاسایی بەدەستی هێناوە، کۆی گشتیی پارەکەش دەکاتە زیاتر لە 11.9 ملیار دیناری عێراقی.

دەستەکە روونیکردەوە، بڕیارەکە بەگوێرەی ماددەی 19 لە بڕگەی دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی و یاسای هەموارکراوی ژمارە 30ـی ساڵی 2011 دەرچووە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، ئەو پەرلەمانتارە بە رێگەی نایاسایی بڕی دوو ملیار و 114 ملیۆن و 820 هەزار دیناری عێراقی و دوو ملیۆن و 924 هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی بەدەستهێناوە. ئێستاش کۆی گشتیی پارەکە بە 11 ملیار و 949 ملیۆن و 264 هەزار دیناری عێراقی خەمڵێندراوە و، پێویستە تەواوی پارەکە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.

دەستەکەی ئاشکراشی کردووە، دادگا بە گوێرەی ماددەی 19 بڕگەی پێنجەم لە یاسای دەستەکە، سزایەکی دیکەی 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەشواق سالم دەرکردووە، بەهۆی شاردنەوە و ئاشکرا نەکردنی سەروەت و سامانەکەی لە فۆرمی دەستەی دەستپاکی. هەر بە بڕیاری دادگا دەستبەسەر تەواوی سەروەرت و سامان و موڵکی گوازراوە و نەگوازراوەی ئەشواق سالم داگرتووە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان