بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆ رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو 150 تیمی گەڕۆک لە ئەرکدان

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆ رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو 150 تیمی گەڕۆک لە ئەرکدان
سیاسی
کوردستان پێوەری ئاو

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند، پڕۆسەی بەستنی پێوەری ئاو، کە لە ساڵی 2013 دەستی پێکردووە و لە 1ـی ئەیلوولی 2018ـەوە بووەتە پابەندی بۆ سەرجەم هاوبەشان و بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، رابەر حوسێن بەـی گوت: "دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵەکان بۆ چڕکردنەوەی بەستنی پێوەر زیاتر بوون. بەهۆی ئەو رێکارانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بۆ پێکهێنانی تیمی گەڕۆک بەناو کۆڵانەکاندا، رێژەی بەستنی پێوەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو بژاردەی بۆ ئەو هاوبەشانە دیاریکردووە کە پێوەری ئاویان نەبەستووە؛ یەکێکیان بەستنی پێوەرە بۆ ئەوەی هاوبەش لە بەرامبەر بڕی بەکارهێنانی ئاودا کرێی خزمەتگوزارییەکە بدات، بژاردەی دووەمیشیان بەکارهێنانی ئاوە بە شێوەی بڕاو کە کرێی مانگانەکەی 45 هەزار دینارە. بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانیش لە ئەگەری نەبوونی پێوەر، کرێی مانگانە 200 هەزار دینار دیاریکراوە.

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر باسی لەوەشکرد، 150 تیمی گەڕۆکیان لە سنووری شاری هەولێر پێکهێناوە، تا ئێستا نزیکەی 3,000 هاوبەش کە سەرپێچییان هەبووە یان پێوەریان نەبەستووە، ئاگادار کراونەتەوە، بەشێکی زۆری ئەو هاوبەشانە پابەندی رێنماییەکانی حکوومەت بوون و بەشێکی دیکەشیان رووبەڕووی سزای دارایی بوونەتەوە.

سەبارەت بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچیکاران، بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2021، سەرپێچیکار سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر پابەند نەبێت، سزای دارایی دەدرێت و لە ئەگەری بەردەوامبوونی سەرپێچی، دۆسیەکە بۆ دادگا دەگوازرێتەوە. یاساکە ئەو دەسەڵاتە بە دادگا دەدات سزای توندتر، تەنانەت زیندانیکردنیش بۆ ئەو کەسانە دیاری بکات کە زیان بە کەرتی گشتی و ژێرخانی ئاو دەگەیەنن.

لەبارەی پارەدانی دیجیتاڵی، بەڕێوەبەرەکەی ئاوی هەولێر کار گوتی: ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستیان لەگەڵی هەیە خەریکە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، لەئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکە خزمەتگوزارییەکان بە شێوازێکی رێکخراوتر و باشتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێن.

لە پێناو بنبڕکردنی بەفیڕۆدانی سامانی ئاو و بەرقەرارکردنی دادپەروەری لە نێوان هاووڵاتییاندا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستانەوە پڕۆژەیەکی بەرفراوانی بۆ بەسیستەمکردنی کۆکردنەوەی کرێی ئاو و بەستنی پێوەری ماڵان جێبەجێ کرد. بەهۆی ئەم هەوڵانەوە رێژەی بەستنی پێوەر لە تەواوی هەرێمدا بۆ 90% بەرز بووەوە و ژمارەی هاوبەشانی ئاویش گەیشتە زیاتر لە 1 ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش.

هاوکات لەگەڵ پرۆسەی بەستنی پێوەرەکاندا، هەڵمەتێکی چڕ بۆ ڕێکخستنەوە و تۆمارکردنی هاوبەشان بەڕێوە چوو. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی ژمارەی گشتیی بەشداربووان لە 850 هەزار هاوبەشەوە بەرز ببێتەوە بۆ زیاتر لە 1 ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش لە سەرجەم سێکتەرەکانی (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی و فەرمانگە حکوومییەکان)، بەمەش زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕی ئاوی گشتی خرانە ژێر چەتری سیستەمێکی ڕێکخراو و یاساییەوە.

پرسی بەفیڕۆچوونی ئاو لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بوو لە گرفتە سەرەکییەکانی کەرتی شارەوانی و ئاو لە هەرێمی کوردستاندا؛ نەبوونی پێوەر لە بەشێکی زۆری ماڵان و تۆمارنەبوونی هەزاران هاوبەش، بارگرانییەکی زۆری لەسەر کەرتی بەرهەمهێنانی ئاو دروست کردبوو. سەرئەنجام، ئەم پڕۆژەیە وەک نەخشەڕێگەیەکی سەردەمییانە سەیر دەکرێت، نەک تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو و چەسپاندنی لێپرسینەوەی دارایی دادپەروەرانە، بەڵکو وەک بنەمایەکیش بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەکارهێنانی بەرپرسانە لە پێناو پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 
جەنگاوەر عەزیز ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان