بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

هەوڵی جددی بۆ تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی دەدرێت

هەوڵی جددی بۆ تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی دەدرێت
سیاسی
عێراق تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عێراق

پرسی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە دەبێتەوە بابەتی گەرمی لایەنە سیاسییەکان و بڕیارە لەم مانگەدا ناوی کاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەکان رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت. پەرلەمانتارێکیش رایدەگەیەنێت، هەوڵی جدی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لە ئارادایە.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە وەزارەتەکانی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی بێ وەزیر ماونەتەوە. عەبدولئەمیر مەیاحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بەی راگەیاند: "هەوڵی جددی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و ئەگەری هەیە لەم مانگەدا ناوی کاندیدان بۆ پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان رەوانەی پەرلەمان بکرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت."

ئەو پەرلەمانتارە هاوکات ئەوەشی رەت کردەوە کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هیچ کاندیدێک کرابێت و گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی رێککەوتن لەسەر کاندیدەکان بڵاودەکرێنەوە راست نین."

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەدەچێت و پرسی تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی یەکلایی دەکرێتەوە، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیش جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت دەکەنەوە.

لە 14ی ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر 14 کاندیدی کابینەکەی عەلی زەیدی دا و 9 وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە؛ بەجۆرێک کاندیدی چوار وەزارەت لە پرۆسەی دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان پێ نەدرا، پێنج کاندیدی دیکەی پۆستە وەزارییەکانیش نەخرانە دەنگدانەوە.

 
سەردار حەسەن ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان