بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە سلێمانی سیستمی GPS بۆ پاسی قوتابییان جێبەجێ دەکرێت

لە سلێمانی سیستمی GPS بۆ پاسی قوتابییان جێبەجێ دەکرێت
په‌روه‌رده‌
وێنە: ژیریی دەستکرد
وێنە: ژیریی دەستکرد
کوردستان قوتابیان قوتابخانە پاسی هاتوچۆ

لە سلێمانی بۆ یەکەمجار سیستمی جی پی ئێس (GPS) و ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بۆ پاسەکانی گواستنەوەی قوتابییان کارا کرا. لەرێگەی ئەم سیستمەوە خێزانەکان و ئیدارەی قوتابخانەکان بەشێوەی راستەوخۆ لە کاتی چوون و گەڕانەوەی منداڵەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.

دوای دوو ساڵ لە تاقیکردنەوەی ئەزموونی، ئەمساڵ سیستمی جی پی ئێس (GPS) بۆ ئەو پاسانە جێبەجێ کرا کە هاتووچۆ بە قوتابییان دەکەن.

 جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی تایبەت بەی راگەیاند: "ساڵانە لە پرسی پاسەکانی تایبەت بە هاتووچۆکردنی قوتابییان، بەتایبەت قوتابییانی کچ، رووبەڕووی چەندین کێشە دەبوونەوە؛ لەوانە سەرخستنی قوتابی زیاد کە بەشێک لە پاسەکان تا 40 قوتابییان هەڵدەگرت، هەروەها سێ قوتابی کچ لە پێشەوەی پاسەکان سەردەکەوتن. بۆیە بیر لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشەیە کرایەوە."

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەپڵیکەیشنەکە، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی روونی کردەوە: "ئەمساڵ ئەپڵیکەیشنێک دانراوە و سیستمی جی پی ئێس بۆ سەرجەم پاسەکان بەستراوە. لەڕێگەی ئەم سیستمەوە پێش ئەوەی پاسەکە بگاتە بەردەم ماڵی قوتابییەکە، نامەیەک بۆ خێزانەکەی دەچێت و دواتریش ئاگاداریی دەگاتێ کە منداڵەکەی لە پاسەکە سەرکەوتووە، کە تێیدا ژمارەی تابلۆی پاسەکە و وێنەی شۆفێرەکەی تێدایە. بە هەمان شێوە کاتێک دەگاتە بەردەم قوتابخانە، نامەیەکی دیکە بۆ خێزانەکە و قوتابخانەکە دەچێت."

ئاماژەی بەوەش دا، هەر قوتابییەک لە رێگە دابەزێت راستەوخۆ لە ئەپڵیکەیشنەکەوە ماڵەوە و قوتابخانەکەی ئاگادار دەکرێتەوە، کە پێشتر ئەو حاڵەتە زۆر بووە و کێشەی دروست دەکرد.

لەبارەی دیاردەی پاس گۆڕکێش گوتی: "پێشتر شۆفێرێک قوتابییەکەی دەبرد و شۆفێرێکی دیکە دەیهێنایەوە، بەڵام لەم سیستمەدا ئەوە رێگەپێدراو نییە و دەبێت هەمان شۆفێر قوتابییەکە ببات و بیگەڕێنێتەوە، تەنیا لە حاڵەتی تایبەتدا نەبێت کە دەبێت رۆژی پێشتر خێزانەکە و قوتابخانەکە لە ژمارەی تابلۆ و شۆفێرە نوێیەکە ئاگادار بکرێنەوە."

جەمیل کەمال جەختیشی کردەوە، بەشێک لە شۆفێران لە سیستمەکە نیگەرانن، بەڵام گوێ بەوە نادەن و مەرجە هەر شۆفێرێک لە بەڵگە و تاوان ئەستۆپاکی بکات و خێرایی پاسەکەشی کۆنترۆڵ بکات.

 سەبارەت بە ناکارامەیی سیستمی پێشوو گوتی: "دانانی کامێرا نەیتوانی کێشەکە چارەسەر بکات چونکە بەشێک لە شۆفێرەکان دەیانکوژاندەوە، بەڵام ئەم سیستمەی ئێستا بەهیچ شێوەیەک فێڵی تێدا ناکرێت."

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 1200 پاس هاتووچۆ بە قوتابییان دەکەن. پێشتر لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی جی پی ئێس راپرسییەک ئەنجام درابوو کە تێیدا زیاتر لە 85%ی هاووڵاتییان و خێزانی قوتابییان دەنگیان بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستمە داوە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی منداڵەکانیان.

 
سەردار حەسەن ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان