بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

هەولێر.. شانۆگەری'رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد' نمایش دەکرێت

هەولێر.. شانۆگەری'رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد' نمایش دەکرێت
هونەری
کوردستان شانۆگەریی

شانۆگەری "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد"، لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار رەفعەتە و نمایشی سەرشەقامە، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر نمایش دەکرێت.

چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، جوتیار رەفعەت، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بەی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە و هەریەکە لە، سایە حوسێن و شنیار بابان و گۆران نازم رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.

بەشی رووناکی نمایشەکە لەلایەن شەهێن ئەنوەر و هانی سەباح و هانا عەبدولرەزاقەوە بەڕێوەدەبرێت و لە بەشی موزیکیشدا شا بەمۆ کلارنێت دەژەنێت، کۆرش حسێن زەرب دەژەنێت و دڵزار سەردار گۆرانی دەڵێت."

جوتیار رەفعەت سەبارەت بە نمایشەکە گوتی، "نمایشی "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد"بە چیرۆکی دوو کچ، دۆخی مرۆڤ و ئازارەکانی لە نێوان لەدەستدان، تەنیایی، تاریکی و هیوادا دەخاتەڕوو و گەڕانێکی مرۆیی بەدوای مانای ژیان، ئازادی و نیشتیمان دەستپێدەکات."

ئەو دەرهێنەرە باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی نمایشەکە لە دوای لەدەستدانی باوکی دوو کچەکە دەستپێدەکات؛ ئەوان لە جیهانێکدا لەنێوان تاریکی و رووناکی تێکەڵ دەبن، بەدوای وەڵامی پرسیارە قووڵەکانی ژیاندا دەگەڕێن. نمایشەکە لە رێگەی سیمبول و زمانێکی هەستییەوە، دۆخی ناوخۆی مرۆڤ و کاریگەریی ئازار و لەدەستدان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤ دەخاتە بەردەم بینەر."

شانۆگەری "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد"، لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار رەفعەتە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر نمایش بکرێت.

 
گەرمیان گلی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان